دوای رۆناڵدۆ .. میسیش دەچێتە خولی ئیتاڵیا

بەڕێوەبەرێكی بەناوبانگی یاریزانان ئاشكرای كرد كە لە داهاتوویەكی نزیكدا یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی گرێبەست لەگەڵ لیۆنێل میسی ئەستێرە و كاپتنی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دەكات.

ئەلیسیۆ سۆندای بەڕێوەبەرێكی ناوداری یاریزانانە و لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆ) رایگەیاند: دوای هاتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پورتوگالی بۆ خولی ئیتاڵیا و یانەی یۆڤێنتۆس، میسیش بەهەمانشێوە لەم خولە درێژە بەژیانی وەرزشی خۆی دەدات.

هەروەها رایگەیاند: هاتنی رۆناڵدۆ بۆ خولی ئیتاڵیا شتێكی چاوەڕواننەكراو بوو، بێگومان دوای هاتنی ئەم ئەستێرەیەش هاتنی میسیش بۆ خولی ئیتاڵیا چاوەڕوانكراو دەبێت.

سۆندا ئاشكراشی كرد كە هەرچەندە یانەی یۆڤێنتۆس پارەیەكی زەبەلاحی بۆ كڕینی رۆناڵدۆ خەرج كرد، بەڵام لەبەرامبەردا پارەیەكی زیاتر بەدەستدێنێتەوە، بۆیە یانەی ئینتەر میلانیش ئامادە دەبێت پارەیەكی زەبەلاح بۆ كڕینی میسی خەرج بكات.

لە كۆتاییدا جەختی كردەو كە ئەوەی ئێستە دەبێت بیكەین تەنیا چاوەڕێكردنە و بەدڵنیایشەوە پێموایە لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا میسیش لە خولی ئیتاڵیا و یانەی ئینتەر میلان دەبینین.

Back to top button