شەرقولئەوسەت: بەرهەم ساڵح پلانی ڕادەستکردنی ڕۆژئاوای کوردستانی بە ڕژێمی سووریا داناوە

ڕۆژنامه‌ی (شەرقولئەوسەت)ی له‌نده‌نی لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٨ی بڵاوی كردۆته‌وه‌، چەند سیناریۆیەك لە بارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئارا دایە کە سیناریۆی یەکەمیان ”بەرهەم ساڵح، سەرۆك کۆماری عێراق تەبەنی کردووە“ و بەهۆیەوە سەرکردەکانی پەکەکە لە ڕێگەی سلێمانییەوە سەردانی دیمەشق دەکەن و پەیوەندیی کۆنی نێوان هەردوولا دەژیەننەوە و هێزەکانی سەر بە ڕژێمی سووریا بۆ تەواوی خاڵە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و عێراق دەگوێزرێنەوە.

ڕۆژنامەکە زیاتر ئاشکرای کردووە کە بەپێی سیناریۆکەی بەرهەم ساڵح، سەرەڕای هێنانی سوپای ڕژێمی سووریا بۆ ناوچەکە، ئاڵای سووریاش لە ڕۆژهەڵاتی فورات بە فەرمی بەرز دەکرێتەوە. باسیش لەوە کراوە کە ئەو سیناریۆیە خۆی لە کاراکردنەوەی ”کارکردنی هاوبەشی پەکەکە و ڕژێمی سووریا لە دژی تورکیا“دا دەبینێتەوە کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەتیش لە کاتی پێش دەرچوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە لەئارادا بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەماهەنگی و هاوکارییەکی ڕوون لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی دیکەی سەر بە پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ هێزەکانی سووریا، لە ناوچەکانی (قامیشلۆ و حەسەکە و ڕیفی حەلەب) هەستی پێ کراوە.

رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە یەپەگە پەیوەندی بە بەرپرسانی ڕووسیاوە کردووە لەبارەی ئەم بۆچوونەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بابەتەکە پەیوەندیدارە بەو ناوچانەی کە تورکیا توڕە دەکەن، ڕووسیا زۆر جددی نەبووە لە پێشوازیکردن لە سیناریۆکەی بەرهەم ساڵح، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بیرۆکەی گەڕانەوەی سەروەریی دەسەڵاتی ڕژێمی سووریای بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پەسەند کردووە، لەگەڵ بوونی جۆرێک لە سیستەمی لامەرکەزیی ئیداری لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی فورات.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.

Back to top button