سەرکردەیەکی گۆڕان: یەکێتی هیوایه‌تی دەسەڵاتە و هه‌رگیز ناتوانێ ببێتە ئۆپۆزسیۆن

ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، یەکێنیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەندە شەیدای دەسەڵاتە کە ناتوانێت ببێت بە ئۆپۆزسیۆن. دژایەتیی خۆشی بۆ ئەگەری پێدانی پشکەکانی پارتی بە یەکێتی ڕاگەیاند.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕایگەیاند: پارتی کابینەی حکوومەت پێکدەھێنێت و ئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە ھەیە، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئێمە بەشداری بکەین، ئەوا ئیستحقاقی خۆمان بە بێ زیاد و کەم دەوێت، سازش لەسەر یەك بەشی بچووکیش ناکەین.

لەبارەی ئەو قسانەی کە گوایە یەکێتی ٤٠٪ی حکوومەتی بەربکەوێت و پارتی لە پشکی خۆی بە گۆڕان، مەسیحی و تورکمانەکان بدات، ئێوە ئەمە قبوڵ دەکەن؟، سەرکردەکەی گۆڕان گوتی: ”پارتی ئازادە کە لە پشکی خۆی بە یەکێتی بدات، بەڵام  چ لایەنێک ئەمەی قەبوڵە؟ نەخێر لە ھیچ کەسی قەبوڵ ناکەین و پیاوەتیش بەسەر ئاوی حەمامەوە ناکرێت“.

لەبارەی ئەو هەڕەشانەی کە جاروبار بەرپرسانی یەکێتی دەیکەن لەبارەی بەشدارینەکردن لە حکوومەت، خەلیل سەرکانی زیاتر گوتی: یەکێتی ئەوەندە شەیدای دەسەڵاتە، باوەڕ ناکەم بتوانێت ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، چونکە ئۆپۆزسیۆنبوون قورسە و بە ھەموو کەس ناکرێت.

Back to top button