پەرلەمانی عێراق وادەی سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری دەكات
لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا هیچ ئاسۆیەكی روون بۆ یەكڵاكردنەوەی ئەو وەزیرانەی لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دانەدراون لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق یەكلابكرێتەوە, وا بڕیارە سبەی دەنگدان بۆ دیاریكردنی سەرجەم وەزیرەكانی كابینەی حكومەتی عیراق دەكرێت و لە بڕگەی دووەمیش گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە یاسای بودجە دەكرێت.
بەهار مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: “بەرنامەی كاری رۆژی یەك شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە سێ بڕگە پێكهاتبوو ئەوانیش قەرەبووكردنەوەی خاوەنی ئەو ماسییانەی لە ماوەی رابردوو لە روباری فورات روبەڕووی لەناوچوون بوونەوە، هەروەها لە بڕگەی دووەمدا باس لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كرا كە لە رۆژی 22ی كانونی یەكەمی 2018ەوە وادەكەیان بەسەر چووە بۆ ئەوەش دوو بۆچوون هەبوو هەندێك پێیان وابوو ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كار بخرێت و هەندێكی دیكە داوایانكرد بەهۆی ئەوەی لە دەستوری عیراق ئەنجومەنی پاێزگاكان ناوی هاتووە پێویستە وادەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراقراشیگەیاند، دواتر لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە داواكرا لیژنەی یاسایی و، لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان میوانداری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بكەن و داوای دیاریكردنی وادەیەكی نزیك بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
باسی لەوەشكرد، بڕگەی سێیەمی دانیشتنەكە تایبەتبوو بە یەكخستنی كارگەكانی وەزارەتی پیشەسازی ئەو بڕگەیە دواخرا بەهۆی زۆری گفتوگۆكردن لەسەر پرسی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
بەهار مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی 24ی كانونی یەكەمی پەرلەمانی عیراقی ئاشكراكردو گوتیشی: “لە دانیشتەكە دەنگدان لەبارەی تەواوكاری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكرێت و وەزیرەكان دیاریدەكرێن و، بڕگەی دووەمیش گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2019ی عیراق دەكرێت”.