بەشیر حەداد: لەگەڵ پەسەند كردنی بوودجەی عێراقدانیم

 

دوای ئەوەی حكومەت پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2019ـی عێراق ناردەوە پەرلەمان بە مەبەستی پەسەندكردنی وێڕایی ڕەخنەی كورد محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە, كە پڕۆژەكە تێدە پەڕێنن لە بەرامبەردا, جێگری سەرۆكی پەرلەمان رەخنە لە سەرۆكی پەرلەمان دەگرێت.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتیكردەوە، “من وەكو یەكێك لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ پەسەندكردنی بوودجە نیم بەو شێوەیەی ئێستا، هیچ قسەیەكیشمان لەوبارەیەوە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان نەكردووه”‌.

لەبارەی راگەیەندراوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش، كە لە‌ راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كردبوو،‌ “دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە تاوتوێكردنی بوودجەی عێراق و تەواوكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق”، بەشیر حەداد جەختی كردەوە، “ئەوەی بڵاوبۆتەوە تەنیا قسەی حەلبووسی خۆیەتی و تا ئێستا بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێی ئەنجوومەنی نوێنەران بڵاونەبۆتەوه، هەربۆیەش رازی نیم بەو شێوەیەی ئێستا ‌لە كۆبوونەوەی سبەی قسەی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بكرێت”.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی كردەوە، “دەبێ هەرسێ ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رازی بن، ئینجا ئەو پرسە دەخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەی سبەینێوە، ئەگینا كەسێك بەتەنیا ناتوانێت ئەو تەوەرە بخاتە ناو كارنامەی دانیشتنەكە”.

Back to top button