شارەزایەك هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت ئاشكرا دەكات
لەگەڵ ئەوەی ئۆپیك رێككەوتنی كەم كردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ ساڵی 2019 راگەیاند، بەڵام نرخی نەوت تا دێت زیاتر دادەبەزێت. شارەزایەكی وزە ئاشكرای دەكات كە دوو هۆكار لە پشتەوەی دابەزینی نەوت هەیە ئەویش ترس لە جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنەكەی ئۆپیك و باشتربوونی ئابووری دنیا.
جولیان لی شارەزا لە وزە و نەوت لە گوتارێكیدا كە ئەمڕۆ دوو شهممه، ماڵپەڕی “بلومبێرگ”ی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت و لە دەستدانی 40%ی نرخەكەی لە ماوەی مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو تا ئێستە، بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێنێتەوە.
لی شارەزای پێشتر لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لەسەر وزە لە لەندەن، دەڵێ دوو هۆكاری سەرەكی هەن بۆ دابەزینی بەهای نەوت، ئەویش گومان لە پابەندبوونی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك بەرانبەر جێبەجێ كردنی كەمكردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان كە سەرەتای ئەم مانگە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمی رۆژانە بە بڕی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل. ئەو شارەزایە هۆكاری دووەم بۆ باشتر بوونی دۆخی ئابووری دنیا دەگێڕێتەوە.
لی روونی كردەوە پێدەچێت بازرگانانی وزە باوەڕ بەوە نەكەن كە ئۆپیك بڕیاری كەمكردنەوەی داوە، ئەگەرچی پێویستە باوەڕ بكەن كە ئۆپیك پابەند دەبێت بەرانبەر بە رێككەوتنەكەی، چونكە كەم كردنەوەی هەناردە كردنەكە ئەمجارە بەشە قورسەكەی لەسەر سعوودیە دەكەوێت، پێشتریش ئەو وڵاتە سەلماندوویەتی و تەواو پابەند بووە بەرانبەر بە بڕیارەكانی ئۆپیك.
جێی باسە ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا 54 دۆلار بوو، لە كاتێكدا دوو مانگ پێش ئێستە و لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك نەوت 87 دۆلار بوو.