ئەستێرەیەکی ریال مەدرید بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە دەکاتەوە

ئەستێرەیەکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بیر لە بەجێهێشتنی یانەکەی دەکاتەوە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.

رۆژنامەی دۆن باڵۆنی ئیسپانی رایگەیاندووە، کاسیمێرۆی بەرازیلی بە جددی بیر لە بەجێهێشتنی یانەی ریال مەدرید دەکاتەوە، دوای ئەوەی سانتیاگۆ سۆلاری ئەو یاریزانەی لە پلانەکانی دەرهێنا و بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی پێنابەستێت.

رۆژنامەکە رایگەیاندووە، کاسیمێرۆ یەکێک لەو یاریزانانەیە کە لەسەردەمی زینەدین زیدان رۆڵی گەورەی لە یانەکەدا بینیووە، بەڵام ئێستا بەتەواوی پشتگوێخراوە و بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکاندا ناکات.

دۆن باڵۆن ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەگەری زۆر هەیە وێستگەی داهاتووی یاریزانە بەرازیلییەکە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بێت، کە نەیمار داسیلڤای هاوڕێشی لەو یانەیە یارییدەکات.

گواستنەوەی کاسیمێرۆ بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە 75 ملیۆن یۆرۆ لەسەر پاریس سانجێرمان دەکەوێت، ئەگەر یانەکە بیەوێت یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.

Back to top button