دایكی سێ‌ منداڵە سووتاوەكەی چەمچەماڵ گیانی لە دەستدا

دوای مانەوەی هەفتەییەك لە نەخۆشخانە سێوان قادر دایكی سێ‌ منداڵە سووتاوەكەی شارۆكەی چەمچەماڵ بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد هاوشێوەی سێ‌ منداڵەكەی.

ئەمڕۆ دووشەممه‌ 24ـی 12ـی 2018، برای سێوان قادری كۆچكردوو بۆ “وشە” بە گریانەوە گوتی، بەداخەوە خوشكەكەم ئەو بەیانییە كۆچی دوای كرد و گەیشتەوە بەمنداڵەكانی.

براكەی سێوان تەنها هێندەی گوت لەخوا داواكارم هەقی خوشكەكەم بسێنێت لەگەڵ سێ‌ منداڵەكەی ئینجا داواكارم لە دادگا كەسی سەرەكی ئەو تاوانە سزای توند بدرێت.

شەوی یەكشەممه‌ 16ی12، لە گەڕەكی ئاسوودەی چەمچەماڵ ئاگر لە ماڵێك كەوتەوە، بەهۆیەوە سێ منداڵ بە ناوەكانی دارین، لارین و دەروون، كە تەمەنیان لە نێوان یەك بۆ پێنج ساڵ دەبوو، سووتان و دەستبەجێ گیانیان لە دەست دا، بەڵام سێوەی دایكیان 90%ی جەستەی سووتاوە و هێشتا زیندوو بوو و لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری وردی پزیشكییە و باری تەندروستیشی جێگیر نەبوو بەیانی ئەمڕۆ گیانی لە دەستدا.

قادر نووری باوكی كچه‌كه‌ داوای ئەوە ده‌كات كە زاواكەی كە ئێستا لەلای پۆلیس دەستبەسەرە، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەربكەن یانیش هاوشێوەی كچەكەی و منداڵەكانی بسووتێنرێت، گوتی “نامەوێت خەڵك گوێی لە ئازارەكانی ئێمە بێت و ئێمەش بە دیار ئازارەكانمانەوە بگرین، دەمانەوێت وەك ئەوەی ئەو بەسەر كچەكەی منی هێنا، ئاوای لێ بكرێت، یانیش لە سێدارە بدرێت، ئەگەر ئەوە بكەن مانای وایە لە كوردستان دیموكراسی هەیە”.

 

Back to top button