ئایا 25 ساڵەی حكومەتی كوردستان شكەستی هێناوە

نیازحاجی

ئایا کورد لە ۲٥ ساڵەی حوکمرانی پێشویدا شکستی هێناوە ؟ زۆر جار لێرەو لەوێ هەندێ میدیا و پەڕلەمانتار و نوسەر و هەندێ لایەنی سیاسی بەردەوام خەریکی دووبارە کردنەوەی ئەو پرسیارەن و ئەو بابەتە دەوروژێنن ! ئایا ئاراستەکردنی ئەو پرسیارە بەو شێوە هیچ راستیەکی تێدا هەیە ؟

سەرەتا ئەو پرسیارە ، پرسیارێکی ناتەواو و پوچە ، بۆ مەبەستی چەواشەکردنی خەڵکی بەکاردێت ، ئەو پرسیارە بۆ شاردنەوەی شکستی سەد ساڵی رابردوی حکومرانی عێراقە ، ئەو پرسیارە وەک ئەوەیە لە فیل باسی گوێی بکەی ، بڵێی ئایا فیل گوێی گەورەیە ؟
فیل نەک هەر گوێی ، لوتی گەورە و درێژە ، دەمی گەورەیە ، سەری گەرەیە ، پێیەکانی گەورەیە ، عاجی گەورەیە ، فیل خۆی گەورەیە نەک تەنها گوێی ، کاتێک باسی گوێی دەکرێ ، بۆ شاردنەوەی گەورەیی ئەندامەکانی تری جەستەیەتی ، بۆیە دگوترێت ( لە فیل یەخەی گوێی گوێی گرتوە )!
ئەم پرسیارە بۆ شاردنەوەی شکستی سەد ساڵی رابردوی دەوڵەتی عێراقە ….
دوڵەتی عێراق ، لە سەد ساڵی رابردوی دروست بونیدا ، دەرکەوت دەوڵەتێکی شکست خواردوە ، لە تەمەنی دروستبونی ئەو دەوڵەتەدا ، ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە نەبینیوە ، بوتە سەرچاوەی نائارامی بۆ ناوچەکە ، چەندین تاوانی کۆمەڵکوژی و کیمیاباران و پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژی تێیدا ئەنجام دراوە ، شەری ناوخۆیی و شەری ئێران و کوێت چەندین شەری تر، سیمای دیاری ئەو دەوڵەتە بووە .
لە چەند دەیەی رابردوو ، گەلی کورد دەسەلاتی عەرەبی لە عێراقدا بە هەردوو پێکهاتەی ( سوننە و شیعە ) ەوە تاقی کردەوە .
لەهەردوو فەرمانرەوایەتی (پاشایەتی و کۆماریدا) کورد هەر زوڵم لێکراو بووە .
(حزبی بەعس) زیاتر لە ٤٠ساڵ فەرمانرەوای عێراق بوون ، لە سایەی ئەو فەرمانرەوایەتیە دا گەلی کورد لە ماڵوێرانی و ئاوارە بوون و ئەنفال و کیمیاباران و روخاندنی لادێ و شار و شارۆچەکان و بێ بەلێنی و زیندانی و زەبرو زەنگ ، هیچی تری نەبینی ، هەمووشێوازەکانی سەرکوت کردن و جینۆسایدی لەسەر تاقیکرایەوە.
پێش هاتنی حزبی بەعسیش لە کاتی دەسەڵاتی پاشایەتیشدا حاڵی کورد باشتر نەبووە ..
شیعەش کە لە (۱۳) ساڵی رابردوودا لەرێی (حزبی دەعوە )وە ، فەرمانرەوای عێراقن ، گەلی کورد لەو دەساڵەدا ( بەهەمان شێوەی دەسەڵاتی حزبی بەعس ، سیاسەتی برسی کردن و ئابلوقەدان ، بێ بەلێنی و ناردنی داعش بۆسەر کوردستان و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاژاوە لەناو گەلی کورد و تاکرەوی لە دەسەلات و رێگری کردن لە پێشکەوتن ……. ) زیاتر هیچی لێیان نەبینی .
خستنە رووی ئەو پرسیارە لەو کاتەدا بۆ شارنەوەی شکستی حوکمەتی مالیکی و حوکمڕانی شیعەیە کە لەکاتی فەرمانڕەوایی ئەواندا ، داعش دروست بوو ، یەک لەسەر سێی خاکی عێراقیان رادەستی کرا ، خستنەرووی ئەو پرسیارە ، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی نوری مالیکیە بەرامبەر بە کوردستان ، هەر لە سیاسەتی ئابڵوقەدان و برسی کردنی خەڵکەکەی و گرفت دروست کردن بۆ حوکمرانی کوردی ، هەوەها بۆ شاردنەوەی دەست تێوەردانەکانی ئێرانە لە تەواوی جومگەکانی حوکمرانی و ژیانی خەڵک لە عێراقدا .
خستنە روی ئەو پرسیارە لەو کاتەدا بۆ ئامانجی ئەوەیە تا کورد بخرێتەوە ناو ئەو دەسەڵاتە شکستخواردوەی سەد ساڵی رابردووی عێراق ، بۆ ئەوەیە کورد بگەڕێننەوە بۆ خاڵی سفر .
بێنەوە سەر وەڵامی خودی پرسیارەکە ….
ئایا حکومڕانی کوردی لە ۲٥ ساڵی رابردوودا شکستی خواردوە ؟
هەرگیز وەڵامی ئەو پرسیارە بە بەڵێ یان نەخێر نادرێتەوە ، سەرکەوتویی یان شکستخواردویی شتێکی رێژەییە و بە رەها وەڵام نادرێتەوە …
لەماوەی ئەو ۲٥ ساڵەدا حکومڕانی کوردی بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە ، لەتەواوی ئەو ۲٥ ساڵەدا کورد سەربەخۆ نەبوە و وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەلسوکەوتی نەکردوە تا حوکم لەسەر حوکمرانیەکەی بدرێ ، لە خوارەوە هەرسێ قۆناغ روندەکەینەوە ::
قۆناغی یەکەم (۱۹۹۱ تا ۲٠٠۳) :-
_________________________
لەم قۆناغەدا ، بۆشایی ئیداری حکومەتی بەغدا پڕ کرایەوە ، پەڕلەمان هەڵبژێردرا ، حکومەتی خۆجێیەتی پێکهات ، شەری ناوخۆ دروست بوو ، سوپاس بۆ خوا کۆتایی پێهێنرا ، توانرا بەردەوامی بە مانەوەمان بدەین و هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکیەکان دورخرانەوە ، پەیوەندی باش لەگەڵ جیهانی دەرەوە گرێدرا هەرچەندە ، چەند جۆرێک ئابڵوقەمان لەسەر بوو .
قۆناغی دووەم (۲٠٠۳ تا ۲٠۱۳) :-
__________________________
لەدوای روخانی رژێم تا بودجەی کوردستان لەلایەن مالیکیەوە بڕدرا ، بۆژانەوەیەکی گەورە لە کوردستان رویدا ، ئەو راستیە دۆست و دوژمن گەواهی بۆدەدەن ، کۆچی پێچەوانەی گەرانەوەی کورد لە وڵاتانی ئەوروپیەوە بۆ کوردستان دەستی پێ کرد ، سەدان کۆمپانیای بیانی بۆ وەبەرهێنان رویان لە کوردستان کرد ، بژێوی خەڵک لە ئاستێکی باشدا بوو ، پەیوەندیەکانی کورد بە ئاراستەی وڵاتان بەرەوپێشەوە چوون ، پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەی فەراهەم کرابوو ، لە بەرامبەردا ، عێراق لەوپەڕی ئالۆزی و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنیدا بوو .
لە ساڵی ۲٠۱۱ دا
نە کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم هەبوو…
نە قەیرانی دارایی بونی هەبوو …
نە پەڕلەمان پەکی خرابوو …
نە پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا ئاڵۆز بوو …
نە بابەتی فرۆشتنی نەوت هەبوو …
خەڵک لە ئاستێکی بژێوی باشدابوو
ئا لەم ساڵەدا و لە ۱۷ی شوبات ، چەند هێز و لایەنێکی کوردی ، دەستیان بە خۆپیشاندان و ئاڵۆزی دروستکردن کرد ، ویستیان کوردستانیش وەک ئێستای سوریا و میصر و لیبیا و یەمەن و عێراق لێ بکەن ، میدیایەکی بێوێژدانیان بەگەڕخست ، لەو کاتەوە تا ئێستا ، خەریکی چەواشەکردنی خەڵکن ، تاکی کورد رەشبین دەکەن و بێ ئومێدی بڵاودەکەنەوە و تۆوی دوبەرەکی دەچێنن .
قۆناغی سێیەم ( ۲٠۱۳ تاکو ئێستا ):-
____________________________
سەرەرای بەردەوامی هەمان نەهجی تێکدەرانەی ئەو ئاراستەیەی کە لە پشتی روداوەکانی ۱۷ی شوباتە بوون تاکو ئێستا ، ئابڵوقە خرایە سەر کوردستان و بودجەی بڕدرا ، لێشاوێکی ئاوارەی دوو ملیۆن کەسی روی لە کوردستان کرد ، داعشی بۆ نێردرا ، هەوڵی رێگری درا لە پرچەککردنی پێشمەرگە تا نەتوانێ بەرگری بکات ، هێزی دیجلە پێکهێنرا و بۆ ناوچە کورستانیەکان نێردرا ، سەرەرای ئەوانە ….
توانیمان پەیوەندیەکانمان بە جیهانی دەرەوە بەرەو پێش ببەین ، رۆژ نیە وەفدێکی پایەبەرزی دەوڵەتان سەردانی کوردستان نەکەن ، ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێکشکا ، تەواوی ناوچە کوردستانیەکان گەرێنرایەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆمان ، نەوت کەوتەوە ژێر دەستی خۆمان بە کەرکوکیشیەوە ، بۆری نەوت بەناو خاکی تورکیاوە راکێشرا ، توانرا زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە لە هەرێم بەخێوو بکرێن ….
سەرەتا دەبێ ئێمەی کورد بزانین کە جوغرافیای ئێمە کەوتۆتە کوێ ؟
جوغرافیاکەمان کەوتۆتە ناو ناوچەیەک کە تەواوی وڵاتانی دەوروبەرمان لە شەڕ و ململانێدان ، ناوچەکە لە دۆخێکی یەکجار مەترسیداری شەر و خاپورکردندایە ، تەواوی وڵات و هێز و گروپەکان لە شەردان ، تاکە ناوچەی ئارام تێیدا ئەو جوغرافیایەی کوردستانە ، لەتواوی دەوروبەرمان قەیرانی ئاسایش و ژیان هەیە ، تەنها کوردستان نەبێ ( هەرچەندە کوردستان سەربەخۆ و دەوڵەت نیە )!
ئەوەی لە کوردستان هەیە :-
____________________
ئۆپۆزسیۆنێکی بازرگان و بێوێژدان و شکستخواردوە .
قەیرانێکی دارایی خولقێنراوە .
راکردنە لە بەرپرسیاریەتی.
راگەیاندنێکی چەواشەکار و هاوشێوەی تابوری پێنجەمە .
گەندەڵی و نەبونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیە.
ئەوانەش هەمووی هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خاوەنی قەوارەی خۆمان نین ، بۆیە تا خاوەنی قەوارەی سەربەخۆی خۆمان نەبین ئەو قەیران و کەموکوڕیانە هەر دەمێنن !
کەواتە ئەو پرسیارەی کە لەسەرەوە باسمان کرد ، پرسیارێکی پوچ و بێ بنەمایە ( بە بەڵێ و نەخێر ) وەڵامی نادرێتەوە ، بۆ شاردنەوەی شکستی سەد ساڵەی حکومرانی عێراقە ، بۆ شاردنەوەی بونی ئۆپۆزسیۆنێکی شکستخواردوو و بازرگان و ساختەچی و خۆدزینەوەیەتی لە بەرپرسیاریەتی !
ئامانجی پشتەوەی ئەو پرسیارە ، بۆئەوەیە تا کورد بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر ، بۆ باوەشی حکومەتی عێراق کە بۆ هەموو لایەک سەلماوە کە شکستخواردە .

Back to top button