نێچیرڤان بارزانی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سح پەیامێك بڵاودەكاتەوە

نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یامێكدا جه‌ژنى له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سیحى پیرۆز كرد، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سیح سڵاوى خواى لێ بێت، له هه‌موو خوشك و برایانى مه‌سیحى له‌ كوردستان و ته‌واوى جیهان پیرۆز ده‌كه‌ین، به‌و هیوایه‌ى جه‌ژنێكى پڕ له‌ ئارامى و ئاسووده‌یى به‌سه‌ر به‌رن و ئه‌م جه‌ژنه‌ خێر و خۆشى و ئاشته‌وایى بۆ ته‌واوى مرۆڤایه‌تى بهێنێت.

جه‌ژنى له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سیح ئه‌مساڵیش له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ هێشتا ژماره‌یه‌كى زۆرى خوشك و برایانى مه‌سیحى له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین و نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان، هیوادارین جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو هه‌موویان به‌ سه‌رفرازى گه‌ڕابنه‌وه‌ شوێنه‌كانیان و ئارامى و سه‌قامگیرى و دڵنه‌وایى ته‌واوى عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهانى گرتبێته‌وه‌.

له‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌دا دووباره‌ داكۆكى له‌سه‌ر كولتوورى دێرینى پێكه‌وه‌ژیان، لێبورده‌یى، ئاشته‌وایى، گیان و په‌یامى مرۆییانه‌ى مه‌سیحییه‌ت و ئایینه‌كان له‌نێوان پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى‌ كوردستان و پاراستنى ئه‌و كولتووره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌شێكى گرنگ و دیارى ده‌وڵه‌مه‌ندى و شانازیى پێكهاته‌كانى كوردستانه‌.‌

دووباره‌ جه‌ژنى له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سیح له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت و هیواى جه‌ژن و پشوویه‌كى خۆش بۆ هه‌مووان ده‌خوازین.

نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، 24/12/2018

Back to top button