نه‌خۆشی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د په‌ره‌ ده‌سێنێت ..باری ته‌ندروستی تێك چووه‌

 

نەخۆشییەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد زیاتر پەرە دەسێنێت و بە تەواوی توانای قسەکردن و بیرکردنەوە و بڕیاردانی سیاسی لەدەست دەدات، بەو هۆیەشەوە پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، دەسەڵاتەکانی دایکی بەکار دەهێنێت.

بەپێی زانیارییەکان، لەم ماوەیەی دواییدا ڕەوشی تەندرووستیی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەهۆی نەخۆشیی (ئالزهایمەر)ەوە یەکجار خراپ بووە و توانای بڕیاردانی سیاسی و تەنانەت قسەکردن و ناسینەوەی خەڵکیشی نەماوە، بۆیە چیتر ناتوانێت لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەشداری بکات.

بەو هۆیەوە پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی مام جەلال، بە شێوەیەکی بۆماوەیی و بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی فەرمیی سەرکردایەتیی یەکێتی هەبێت، دەسەڵاتەکانی دایکی بەکار دەهێنێت و لەمەودوا لە سەرجەم کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیدا خاوەن بڕیار دەبێت.

دوایین دەرکەوتنی هێرۆ ئیبراهیم، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بوو لەسەر گۆڕی جەلال تاڵەبانیی هاوسەری کە کەناڵێکی یەکێتی لێدوانی لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی حزبەکە وەرگرت و هێرۆ ئیبراهیمیش وەستابوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەک قسەی نەکرد و هیچ کاردانەوەیەکیشی بەرامبەر ئەو وەسفانەی مەلا بەختیار نەبوو کە بۆ هێرۆ ئیبراهیم دەیکرد.

پێشتر مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕاگەیاندبوو، پاڤڵ تاڵەبانی لە جێگەی دایکی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا دەکات، چونکە دایکی نەخۆشە.

نەخۆشیی ئالزهایمەر، نەخۆشییەکی دەماغییە کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خانەکانی مێشک، بەو هۆیەشەوە کێشە لە بیرەوەری و بیرکردنەوە و ڕەفتاری مرۆڤ درووست دەبێت، بە توندیش کاریگەری لەسەر کارەکانی ژیانی ڕۆژانەی نەخۆش دەکات. لەمڕۆدا نەخۆشیی ئالزهایمەر بە شەشەمین هۆکاری سەرەکیی مردن لە جیهان دادەنرێت.

Back to top button