شەش سەرکردەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستیان لەکار کێشایەوە

بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بەهۆی قۆڕخكاری دەسەڵاتی حزبەكە لەلایەن كەسی یەكەمی حزب، دووچاری لەتبوون دەبێت و شەش سەركردەی دەست لە كار دەكێشنەوە..

لە ڕاگەیەنراوێكی ئەو شەش سەركردەیەی بزووتنەوەی ئیسلامیدا هاتووە، ئێمە كە پێكهاتووین لە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی، دوای ددان بەخۆداگرتنێكی درێژخایەن و گرتنەبەری هەموو ڕێیەكی گونجاو بۆ ڕێگری لە بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە و كۆتاهێنان بەقۆرخكاری و دەسەڵاتی تاكڕەوی و بەهەدەردانی وزە و توانای كادران و ئەندامانمان، لەپێناوی لە دەستنەدانی زیاتری پێگەی سیاسی و جەماوەری بزووتنەوەی ئیسلامی، دوای ئەوەی چەندان جار ڕێچارەی دروست و حەكیمانەمان خستە بەردەستی كەسی یەكەم و شوورای ناوەندی، بەڵام دەسەڵاتی تاكڕەوانە و قۆرخكاری لەناو حزبدا لەلایەن كەسی یەكەمەوە هەمیشە دەبووە هۆكاری سەرەكی لەباربردنی هەوڵەكانی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی، سەرەنجام بزووتنەوە بەم بارودۆخە لاوازە گەیشت كە هەموومان دەیبینین، لە كۆتایی هەوڵیشماندا لە ۱/۱۱/۲۰۱٨ پڕۆژەیەكی چاكسازیمان دایە ڕابەری گشتی و مەكتەبی سیاسی كە گرنگترین خاڵەكانی بریتی بوون لە:

1-کۆتاییھێنان بە تاکڕەوی و قۆرخکاری لەبڕیار و بەڕێوەبردنی حزبدا.

2-ئاشکراکردنی سەرچاوەکانی داھات و دارایی و چۆنیەتی خەرجی و سپاردنەوەی بە مەکتەبی دارایی.

3-کۆتاییھێنان بەناڕوونی لەسیاسەتی بزووتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.

4-کۆتاییھێنان بە کاری بێ سەروبەری و گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی باسک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی.

لەو بەیاننامەیەدا ئەوە دووپات کراوەتەوە کە بەهۆی بێ ئاکامیی هەوڵەکانیان، ٦ ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەیان داوە کە ئەوانیش:

کامیل مەحموود، ئەندامی مەکتەبی سیاسی

 

محەمەد ئەمین ئاشووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی

موحسین محەمەد ئەمین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی

سەرباز خۆشناو، ئەندامی مەکتەبی سیاسی

ئارام کەمال، ئەندامی سەرکردایەتی

عەبدولغەفوور چەمچەماڵی، ئەندامی سەرکردایەتی

 

Back to top button