پارتی لەگەڵ یەکێك لە دوو حزبەکە دەگاتە ڕێککەوتن..

پارتی و گۆڕان دوو لیژنەی ھاوبەش بۆ کاروباری سیاسی و تەکنیکی پێکدەھێنن و لە رێککەوتنی پێکھێنانی حکوومەت نزیکبوونەتەوە، یەکێتیش چاوی لەوەیە پۆستەکانی بەغدا و کەرکووك بە پرسی پێکھێنانی حکوومەت ببەستێتەوە، بەڵام پارتی نایەوێ دۆسیەکان تێکەڵ بە یەکتری بکرێن و لەگەڵ ئەوەیە ھەر دۆسیەیەک بە جیا بخرێنە سەر مێزی دانوستانەکان.

به‌پێی زانیاریه‌كانی (خـواكــورك)، کە باڵی تاڵەبانییەکان کە ئێستا شوێنی باڵی دەستڕۆشتووی یەکێتییان گرتووەتەوە، نایانەوێ پۆستە باڵاکانی یەکێتی کە لە حکوومەت وەریان دەگرێت، ببرێنە سەرکردایەتیی یەکێتی و لەوێدا بە دەنگی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکلایی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدان خۆیان بڕیار بۆ دانانی کەسەکان لە پۆستە باڵاکاندا بدەن.

پێشتر (خـواكــورك) هه‌یكه‌لی حکوومەتی لە نێوان پارتی و گۆڕان و یەکێتی و پێکھاتەکان ئاشکرا کرد، کە لەنێوان ھەموواندا نزیکبوونەوەیەک ھەیە کە سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی، جێگرەکانیشی یەکیان بۆ پارتی و ئەوەی دیکەیان بۆ مەسیحیەکان بێت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ پارتی و جێگرەکەی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت، کە گۆڕان مستەفای سەید قادری بۆ ئەو پۆستە کاندید کردوە. سەرۆکی حکوومەتیش بۆ پارتی و دوو جێگری ھەبێت، یەکیان بۆ یەکێتی و ئەوەی دیکەیان بۆ پێکھاتەی تورکمان بێت.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، گۆڕان پڕۆژەی ھەیە بۆ داڕشتن و نووسینەوەی دەستور. جەختیشی کردووەتەوە، ھەوڵی کاراکردنەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستور دەدەن کە لە خولی پێشووی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە پێکھات، ئەو بابەتانەش کە لە خولەکانی پێشوودا خاڵی ناکۆک بوون لەنێوان گۆڕان و ھەندێک لایەنی دیکەی سیاسی، لەم خولەدا پێوستە چارەسەر بکرێن، ”واتە پێشوەخت و پێش ئەوەی حکوومەت پێکبێت، رێککەوتن لەسەر پرەنسیپە سەرەکییەکان بکرێت”.

 

 

 

Back to top button