خیانهتی 16ـی ئۆكتۆبهر دۆخی ئهمنی كهركوك و خورماتوو بهرهو خراپتر دهبات
شەوى ڕابردوو لەگوندەکانى دەورووبەرى کەرکوک و خورماتوو گروپێكی نهناسراوی چەکدار کە گومان دەکرێت سەربە داعش بن ، 20 كهس دهڕفێنن و دواتر 12 لە ڕفێنراوەکان ڕزگار دهكرێت .
ئەحمەد خورشید ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک، راگەیاند:”تەنها شەوى ڕابردوو، لەگوندى موبدیدى سەربە ناحیەى رەشاد و گوندێکى تر، نزیکەى 13 کەس کە یەکێکیان ئەنجومەنى گوند بووە، رفێنراون.”
ئەندامهكهى ئەنجومەنى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک گوتیشی :”رفێنراوەکان لەلایەن چەکدارەکانەوە بەرەو بنارى چیاى حەمرین براون، کە ئەو بنارە لەژێر کۆنترۆڵى داعشدایە.”
هاوكات کاتژمێر حەوت و نیوى دوێنێ شەوى ڕابردوو، هێزێکى چەکدارى نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندى پارەپارەى سەربە قەزاى خورماتو و 7 کەسیان دەستگیرکردووە، دواتر 4 کەسیان لێ ئازاد کردوون و 3 کەسەکەى تریان بردووە.
لای خۆیهوه محەمەد فایەق بەرپرسى پێشوى ڕاگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتوو، دهڵێت:”چەکدارەکان لیستێک ناویان پێبووە، ئەو سێ کەسەى کە براون ناویان لەنێو لیستەکەدا بووە.”
ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی، بە هاوكاریی و رێكهوتنی باڵێكی یهكێتی نیشتیمانی كوردستان هێرشیان كردە سەر كەركووك و خورماتوو داگیریان كرد و سەدان هاووڵاتیی سڤیل و پێشمەرگە شەهید بوون.
لە دوای خیانهتی 16ـی ئۆكتۆبەر هێزە عێراقییەكان بە بەرنامە كار بۆ بەعەرەبكردنی شارەكە و بێزاركردنی هاوڵاتیانی كورد بۆ بەجێهێشتنی شارەكەیان دەكەن، كە بە بیانووی جۆراوجۆر شەوان هێزە میلیشیاكان هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكان و پشكنین دەكەن، هەروەها دۆخی ئەمنیی شار تەواو خراپە و تەقینەوە و دزی و پیاوكوشتن بەردەوام لە فراوانبوونە، بە مەبەست هێزە سەربازییەكان نایانەوێت ئارامی بۆ كەركووكییەكان دابین بكەن، بۆئەوەی شارەكەیان بەرەو هەرێمی كوردستان بەجێ بهێڵن.