قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر: ٢٦٨ كۆگای دەرمان و دەرمانخانە و نۆرینگە داخراون
ئەمڕۆ چوار شەممە 26ی12ی2018، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:” لە ساڵی ٢٠١٨ لە شاری هەولێر توانراوە ٣٢ قومارخانە و شوێنی یاریە ئەلكیترۆنیەكان كە بۆ ئەم مەبەستە بەكاردەهێنران دابخەن، هەروەها ٣٢ شوێنی مەساج و ٨ دووكانی مەی فرۆشتن دوای دەرچوون لە رێنماییەكان داخراون و بەهۆی سەرپێچی جۆراوجۆریشەوە ٨٦٥ كەس دەستگیركراون و ١١٢ كەسیان دراونەتە دادگا و پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ ٩٦ كەس كراوەتەوە”.
قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر گوتی :”بەبڕی ٢٢٢ ملیۆن دینار سزای پێبژاردن بۆ كۆگا و دەرمانخانە و شوێنە گشتیەكان كراون كە لە ئەنجامدا ٢٦٨ كۆگای دەرمان و دەرمانخانە و نۆرینگە داخراون و ٢٥ تەن دەرمانی ماوەبەسەرچوو و قاچاغ كە هێنراون دەستی بەسەرداگیراوە و لەناوبراون، لە رێگەی لیژنەكانی چاودێری بازاڕیشەوە ١٨٨ تەن و ٦١١ كیلۆ كاڵای ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە و سزای پێبژاردن دراون بەبڕی ١٤٧ ملیۆن و پێنچ سەد هەزار دینار”.
نەبەز عەبدولحەمید، گوتیشی:”٢١٠ خانوو و دووكان و سیاج لە هەولێر كە بەزێدەڕۆیی دروست كراون و لە دەوروبەری هەولێریش ١٨٠ مەزرەعە و خانوو و دووكان تێكدراون و ٣٠٠ هێڵی كارەباش كە بەشێوەی نایاسایی راكێشرابوون بڕدراون و لە ئەنجامی بەدواداچوونی لیژنەكانیش ١٠٤ خاوەن مۆلیدەش دەستگیركراون، لە هەمان كاتدا ٥٤ پاڵاوگەی نایاسایی داخراون و بڕیاریش دراوە سەرجەمیان دابخرێن”.
قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر باسی لەوەشكرد، ٨٩٧ سواڵكەریان دەستگیركردووە كە ٤٤٥ سواڵكەریان خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون و ٤٥٢ سواڵكەر و دەستگێڕیش تەمەنیان سەرو ١٨ ساڵ بووە.