ئەڵمانیا توركیا داگیركارە پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی كردووە

 

دوای ئەوەی توركیا شاری عەفرینی داگیركرد و لە ئێستاشدا هێزێكی زۆری بە ئاراستەی رۆژئاوای كوردستان جولە پێكردووە, لە ناوچە سنوریەكان جێگیری كردووە, لە بەرامبەر ئەو لەشكركێشیەی توركیا, ئەڵمانیا هاتە دەنگ بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەری “دی بی ئای”ـی ئەڵمانی، لە راپۆرتێكی پەرلەمانی ئەڵمانیادا، كە لەسەر راسپاردەی فراكسیۆنی حزبی چەپڕەوی ئەو وڵاتە ئامادەكراوە، جەخت كراوەتەوە، “بوونی هێزە سەربازییەكانی توركیا له عەفرین و ‌ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان و شارەكانی ئەعزاز، باب و جەرابلس لە باكووری سووریا بە هەموو پێوەرێك داگیركاری سەربازییە”.

“سیفیم داجدلین”، سەرۆكی فراكسیۆنی حزبی چەپڕەوی ئەڵمانی لەبارەی ئەو راپۆرتەی پەرلەمانی وڵاتەكەی دووپاتیكردەوە، “پێویستە ئەو راپۆرتە بكرێتە چاوساغێك بۆ بەخەبەرهێنانەوەی حكوومەتی ئەڵمانیا”، ئاماژەی بەوەشدا، “شەرمەزارییە بەردەوام بین لەسەر ئەوەی هەڵسەنگاندن و پێوانەكردن بۆ داگیركردنی چەند بەشێكی سووریا لەلایەن توركیاوە نەكەین، لەكاتێكدا توركیا ئەندامێكی هاوپەیمانی ناتۆیە، سەرجەم كوتلەكانی پەرلەمان لەو باوەڕەدان، لەشكركێشییەكەی توركیا بە هەموو پێوەرێك پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە”.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: “هەرچەندە لێرە و لەوێ گوێبیستی لێدوانەكانی دەسەلاتدارانی توركیا دەبین، كە جەخت دەكەنەوە، هیچ نیازێكیان بۆ مانەوە لەناو خاكی سووریا نییە، بەڵام ئەوەی لە واقعدا روو دەكات پێچەوانەی ئەو لێدوان و بانگەشانەیە، بەتایبەت كە توركیا دەستی بە گواستنەوەی دامەزراوە مەدەنییەكانی و فەرمانبەرانی تورك كردووە بۆ ئەو شارە كوردیانەی لەمیانەی كردە سەربازییەكانی “قەڵغانی فورات و چڵە زەیتوون” لە رۆژئاوای كوردستان داگیری كردوون”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەڵمانییە دووپاتیكردەوە، “بەم شێوەیەی ئێستا توركیا روخساری داگیركاری كۆنی بەو رەفتارانە نوێ كردووەتەوە و بە ئاشكرا دەستیان بەسەر خانوو و ماڵی هاووڵاتیانی كورددا گرتووە و ناوی چەندین شەقام و شوێنی كوردییان بۆ ناوی توركی گۆڕیوە و مامەڵەكردن بە دراوی توركییان بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا سەپاندووە”.

ئەمە دوای ئەوە هاتووە، كە بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی توركی، لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، 3 ملیۆن و 600 هەزار پەرتووك كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی توركیاوە بە زمانی توركی چاپكراون، گوازراونەتەوە رۆژئاوای كوردستان و بەسەر قوتابخانەكاندا دابەشكراون.

ئەمەش لەكاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ بە زمانێكی توند و بێ پێشینە، ئیبراهیم كاڵن، گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا هەڕەشەی لە حكوومەتی سووریا كرد و, دووپاتیكردەوە: “ئەگەر هێرش بكەنە سەر ئەو سەربازە توركانەی لە خاڵەكانی چاودێرین لە پارێزگای ئیدلب، دنیاتان بەسەردا دەڕوخێنین”.

كاڵن گوتی: “هێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا، بوێری ئەوەیان نییە هێرش بكەنەسەر ئەو هێزانەی سوپای توركیا كە لە خاڵەكانی چاودێری پارێزگای ئیدلبن، ئەوان دەزانن ئەگەر یەك هەنگاو بۆ دەستدرێژیكردنە سەر هێزەكانمان بنێن، دنیایان بەسەردا دەڕوخێنین”.

لەبارەی بوونی هێزەكانی توركیا لە پارێزگای ئیدلبی سووریا گووتی: “لە راستیدا ئێمە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ رووسیا و ئێران رێككەوتنمان هەیە، هەر سێ وڵاتی دەستەبەری ئاشتی لەو چوارچێوەیەدا گەیشتوونەتە رێككەوتن، ئەوان دەڵێن گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكوومەتی سووریا تەواو كردووە، 12 خاڵی چاودێری بە هەموو پێویستییەكانییەوە لەلایەن سەربازەكانمانەوە بەڕێوەدەبرێن و پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە دەكەن بەهەموو شێوەیەك”.

لەلایەكی دیكەشەوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دەستپێكردنی كشاندنەوەی سەربازانی وڵاتەكەی لە سووریا راگەیاند، هێزەكانی سوپای توركیا لەسەر سنووری رۆژئاوای كوردستان دەستی بەجووڵە كردووە و، رۆژانە هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەكە دەكات، وێڕای ئەوەی بەردەوام بانگەشە بۆ ئەنجامدانی كردەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی فورات و شارە كوردییەكان دەكات.

Back to top button