یەكگرتوو بڕیاری دەستگیركردنی رێبوار تاڵەبانی سیاسیە

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگایەكی كەركووك لە سەر داوای پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بڕیاری دەستگیركردنی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەركرد, ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، دەركردنی بڕیاری دادگای كەتنی كەركووك لە دژی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە پاڵنەری سیاسی دەرچووە و تۆڵەسەندنەوەیە لە رێبوار تاڵەبانی.

لە راگەیەندراوێكدا وتەبێژی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان گوتیشی: ئێمە نیگەرانی خۆمان لەو بڕیارە رادەگەیەنین و گشت هەوڵەكانمان لە رێكاری یاسای و سیاسی دەگرینەبەر بۆ راستكردنەوەی ئەم بڕیارە و داوا لە گشت لایەن و هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان دەكەین كەوا هەڵوێستی نیشتمانی و دڵسۆزی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی شكۆی كەسانی ئازادیخواز و دڵسۆزی خاك و نیشتمان.

دەقی راگەیەندراوەكە:

لێدوانێكی رۆژنامەوانی لەلایەن وتەبێژی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

سەبارەت بە بڕیاری دادگای كەتنی كەركووك كە ئەمڕۆ چوارشەممە بەرواری (26/12/2018) پەیوەست بە بەڕێز (رێبوار تاڵەبانی) سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك دەركراوە، ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەێنین كە:

1-ئەم بڕیارە لە سەر بنەمای یاسا سەروەری و بێ لایەنی دادگا دەرنەچووە، بەڵكو پاڵنەری ئەم بڕیارە، سیاسییە و تۆڵەسەندنەوەیە لە بەڕێز (رێبوار تاڵەبانی) لە هەمبەر هەڵوێستە نیشتمانی و خزمەتگوزارییەكانی بۆ هاووڵاتیانی شاری كەركووك.

دیارە كەوا دوای رووداوەكانی (16/ئۆكتۆبەر) هەندێ لایەن و دەزگای شاری كەركوك بە پاڵنەری سیاسی بەردەوام هەوڵی تۆڵەسەندنەوەیان داوە لە كەسانی نیشتمان پەروەر و بەهەڵوێست.

2-ئێمە نیگەرانی خۆمان لەو بڕیارە رادەگەێنین و گشت هەوڵەكانمان لە رێكاری یاسای و سیاسی دەگرینەبەر بۆ راستكردنەوەی ئەم بڕیارە و داوا لە گشت لایەن و هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان دەكەین، كەوا هەڵوێستی نیشتمانی و دڵسۆزی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی شكۆی كەسانی ئازادیخواز و دڵسۆزی خاك و نیشتمان.

خەلیل ئیبراهیم

وتەبێژی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

26/12/2018

Back to top button