دادگای رەسافە: وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پابەند دەكات لە ماوەی سی رۆژ پارەی جوتیارانی كوردستان بدات

 

دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ حكومەتی عێراق پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستانی خەرج نەكرد, پاش بە دواداچوونی نوێنەری جوتیارانی كوردستان و دوو پارێزەری خۆبەخش, ئەمڕۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا (رەسافە)ی بەغدا، دوسییەی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانی یەكلایی كردەوە و دەبێ بەغدا ئەو بڕە پارەیە رەوانە بكات كە ماوەی سێ ساڵە بە جووتیاران نەدراوە.

فارس حسێن، نوێنەری جووتیارانی كوردستان رایگەیاندووە: “دادگای رەسافەی بەغدا لە بەرژەوەندی جووتیارانی كوردستان بڕیارێكی دەركردووە، كە دەبێت پارەی جووتیارانی كوردستان رەوانە بكرێت”.

نوێنەری جوتیارانی كوردستان گوتیشی: “بە هاوكاریی ڕێكخراوی (سەردەم)ی جووتیاران و دوو پارێزەری خۆبەخش بەناوەكانی (بەشدار حەسەن و ڕێبین عومەر) توانیمان ماوەی نۆ مانگ بۆ وەرگرتنی مافی جووتیارانی كوردستان چالاكی بكەین و سەرەنجام لە دادگای ڕەسافە ئەو كەیسەمان لە بەرژەوەندیی جووتیاران یەكلایی كردەوە”.

فارس حوسێن گوتیشی: “بۆ ئیتر هیچ پاساوێك بۆ دواخستن و نەناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان نەماوە و داوا لە عادل عەبدولمەهدی دەكەم كە كەسیكی میانڕەوە و دۆستی هەموو عێراقییەكانە، ئەو پارە بۆ جووتیارانی كوردستان بنیریت.

گوتیشی: “حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق هاوشێوەی سەدام حوسێن ستەمی لە كورد كردووە”.

نوێنەری جووتیارانی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا، 555 ملیار دیناری گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان كە پارەی سێ ساڵ گەنمی جووتیارانە لەلای حكوومەتی عێراقە.

Back to top button