مەسروور بارزانی پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان دەکات
ئهمڕۆ پێنجشەممە 27ی12ی2018 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کاردینال پیترۆ پارۆلین سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان و شاندی یاوەری، له دیدارێكدا بارودۆخ و رۆڵ و رەوشی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانیان تاوتوێ كرد و داڵدەدان و حەوانەوەی ئاوارە مەسیحییەکانیش لە هەرێمی کوردستان بەرزنرخێندرا.
لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی گەلی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: “وەک هەمیشە مەسیحیەکان بە بەشێکی رەسەنی ئەو کۆمەڵگەیە دەزانین و داڵدەدان و حەوانەوەشیان بە ئەرکی مرۆڤدۆستی گەلەکەمان دادەنێین.
مەسروور بارزانی پیرۆزبایی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی زاینییشی لە کاردینال پیترۆ پارۆلین کرد و لە رێگەی ئەویشەوە بەو بۆنەیەوە سڵاوی تایبەتی بۆ قەداسەتی پاپا فرانسیس نارد.
هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هیوای خواست بەیارمەتی هەموو لایەک کەشێکی لەبار بخوڵقێندرێت بۆئەوەی برایانی کریستیان وڵات بەجێ نەهێڵن و رەوتی کۆچ پێچەوانە بێتەوە و بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە زێدی رەسەنی خۆیان.
له بهرامبهردا کاردینال پیترۆ پارۆلین، سوپاسگوزاری حکوومەتی ڤاتیکانی بە هەرێمی کوردستان راگەیاند و نزای بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە کرد. جگە لە ستایشکردنی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە داڵدەدان و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئاوارەکان، دووپاتیكردهوه، ڤاتیکان لە پێشکەشکردنی یارمەتیی و پشتیوانەکانی بۆ پێشکەوتنی زیاتری هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.