محەمەدی حاجی مەحمود پشتگیری خۆی بۆ ڕێبوار تاڵەبانی ڕاگەیاند

 

دوای ئەوەی دادگایەکی کەرکووک لەسەر داوای پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڕێبوار تاڵەبانی دەرکرد، بڕیارەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە دوای پەیامێکی بشتگیری لە سەرۆکیئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڵاوکردەوە،
ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانیش پەیامێکی لەبارەی بریاری دەستگیرکردنی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەلایەن دادگای شارەكەوە بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە دا كە بڕیارەكە نادادوەرانەیە و ئامادەیە بەهێزەوە لەگەڵی بچێتە کەرکووک.

محەمەدی حاجی مەحمود دەقی پەیامەكەی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)دا بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە دوێنێ لە میدیاکانی عێراقەوە گوێبیستی هەواڵی دادگای کەرکوک بووە، کە سزای بەسەر ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەوەکالەت دەرکردووە.

سكرتێری حزبى سۆسیالیست گوتوویەتی لە کاتێکدا ڕێبوار تاڵەبانی بەدەنگی خەڵکی شاری کەرکووک هەڵبژێراوە، بۆیە ئەو بڕیارە دوورە له هەموو یاسا و ڕێسایەک و بەبڕیارێکی نادادپەروانەرانەی لە قەڵەم دەدات.

هەروەها لە پەیامەكەیدا هاتووە “ڕێبوار تاڵەبانی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووکی کردووە بەبێ جیاوازی، بۆیە ئەو دادگایە بەدادگایەکی تایفیگەری دەزانین، نەک دادگای بەرگریکاری خەڵکی کەرکووك. هەر کاتێک بەڕێز ڕێبوار تاڵەبانی ویستی بچێتە کەرکووک، ئەوا ئێمە بەهێزەوە لەگەڵی دەچینە کەرکووک، ئەوکات دادگای کەرکووک با بێت دادگایی بکات”.

محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەشی بەوە داوە “ئێمە بەدادگای کەرکووک و دادگای فیدراڵی عێراق دەڵێین هەر دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا سنووری ئاسمانی عێراقی بەزاند، بەبێ ئەوەی هیچ کەس لە عێراقیەکان ئاگایان لەو سەردانەی سەرۆکی ئەمریکا بووبێت، بەمەش گەورەترین سووکایەتی کرد بەعێراق و سەروەری عێراق، ئەی دادگای فیدراڵی بۆ ورتەی لەدەم دەرنەهات و بەپێشێلکاری و بەزاندنی سەروەری عێراق سزای ترەمپی نەدا؟ تەنانەت سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیش لە ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکاوە گوێبیستی هاتنەکەی ترەمپ بوون بۆ عێراق، ئەگەر عێراقیەکان نەختێک شکۆیان هێشتبێتەوە بو خۆیان، دەبێ سوپاکەی ئەمریکا دەرپەڕێنن لەعێراقدا، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق هێند دەستەمۆ بوون، ناتوانن هیچ کاردانەوەک بنوێنن”.

لە كۆتاییشدا گوتوویەتی “ناکرێ گەلی کورد قبووڵی وڵاتێکی بێ سیادەی وەک عێراق بکات بێ خاکەکەی داگیر بکات. ڕێبوار تاڵەبانی تەنها نییە و پشتگیری و پشتیوانی دەبین بەخۆمان و هێزەکانمانەوە بۆ پاراستنی کەرکووک و خانەقین و شنگال و ناوچە دابڕاوەکان، لە ئێستەوە ئامادەین”

Back to top button