پەكەكە و حەشدی شەعبی ئەنجوومەنێك بۆ شنگاڵ پێكدەهێنن, حەیدەر شەشۆ بەو ئەنجومەنە رازی نین و نوێنەری ئێزیدیەكان نینە

 

دوای ئەوەی ئەمرۆ پەكەكە و حەشدی شەعبی لە هەنگاوێكی دیكەی نا یاسای ئەنجومەنێكیان بە ناوی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەردنی شنگاڵ پێكهێنا, حەیدەر شەشۆ سەرۆكیە پارتی دیموكراتی ئیزیدی رایگەیاند ئێمەش بۆ كۆبوونەوەكە بانگهێشتكرابوونی بەڵام ئامادە نەبووین چونكە خەلكی شنگاڵ بەو ئەنجوومەنە رازی نیە و نا یاساییە.
حەیدەر شەشۆ، سەرۆكی حیزبی دیموكراتی ئیزیدی رایگەیاندووە: “ئێمە لەسەر دامەزراندنی ئەم جڤاتە رازینین”.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئێزیدی گوتیشی: “ئێمەش بۆ ئەو كۆبوونەوەیە بانگھێشتكرابووین، بەڵام ئامادەنەبووین، چونكە جڤاتێكی نایاسایی و نا شەرعییە و پەكەكە و حەشدیش باش دەزانن كە ئەم هەنگاوەیان لە دژی بەرژەوەندی شنگالە و شەقامی شنگال بەم هەڵسوكەوتە ناڕازییە”.

شەشۆ ئەوەشی دیاریكرد، هەر كاتێك پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دامەزراندنی ئەم جۆرە ئەنجوومەنە دەربكات، ئەوان پێی رازی دەبن”.

لە لایەكی دیكەوە فەهەد ئەلحامید، قائیمقامی سەپێندراوی شنگال،رایگەیاندووە: ” ئەمڕۆ، فەرماندەكانی حەشدی شەعبی، پەكەكە و نوێنەری عەرەبە سووننە و شیعەكانی شنگال، كۆبوونەوە و دواتریش ئەنجوومەنێك بۆ بەڕێوەبردنی شنگال راگەیێندرا”.
قائیمقامی سەپێندراوی شنگال ئاشكرای كرد، سەعید مولحم وەكو سەرۆك و قاسم فیق فیق و سەمیر دەروێش، وەكو جێگرانی سەرۆكی جڤاتەكە دانران.
ئەلحامید، راشیگەیاند :” یەكەمین هەنگاوی ئەم ئەنجوومەنە دانانی قایمقامێكە بۆ شنگال و دیاریكردنی بەڕێوەبەرە بۆ ناحییەكانی سەر بە قەزاكە”.
دوینێ رۆژی چوارشەممە 26ی كانوونی یەكەم/ دیسەمبەری 2018، مەحما خەلیل، قایمقامی هەڵبژێردراوی شنگال و وەیس بەدەل، سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ئەگەر حكوومەتی بەغدا دۆخی شنگال ئاسایی نەكاتەوە و خزمەتگوزاری پێشكەش نەكات و رێگا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان خۆش نەكات، ئەوان داوا دەكەن شنگال بگەڕیێتەوە سەر هەریمی كوردستان.

Back to top button