عیراق خاوەنی 96 تۆن‌ و 300 كیلۆ یەدەکی ئاڵتوونە

ئەنجومەنی جیهانی ئاڵتوون ئاشكرایكرد، عیراق خاوەنی 96 تۆن‌و 300 كیلۆ یەدەکی ئاڵتوونەو لەسەر ئاستی جیهان لەپلەی 37یەمین ئەو وڵاتانەدایە كە خاوەنی زۆرترین یەدەکی ئاڵتوونن.

بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی جیهانی ئاڵتوون لەسایتی رەسمی خۆی بڵاویكردووەتەوە، لە ریزبەندی 100 وڵات لەسەر ئاستی جیهان، عیراق لەپلەی 37میندایە بۆ بوونی یەدەکی ئاڵتوون، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لەدوای سعودیەو لوبنان و جەزائیر و لیبیا بە پلەی پێنجەم هاتووە.

ئامارەكە ئەماژەی بەوەشكردووە، مانگی ئەیلولی رابردوودا عیراق 6 تۆن‌و 500 كیلۆ ئاڵتوونی كڕیوەو یەدەکی زێرەكەی بەرزبووەتەوە بۆ 96 تۆن‌و 300 كیلۆ، بەو شێوەیەش رێژەی لەسەدا 6 پۆینت 4ی كۆی یەدەکی دراوەكانی تری عیراق پێكدەهێنێت.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان لەپلەی یەكەمدایەو خاوەنی 8 هەزارو 133 تۆن‌و 600 كیلۆ ئاڵتوونەو دوای ئەویش ئەڵمانیا دێت كە خاوەنی 3 هەزارو 369 تۆن ئاڵتوونە.

Back to top button