یەپەگە لە بەیاننامەیەك بۆ سوریا, ئێمە لە مونبج كشاینەوە تكایە فریای مونبج بكەون
دوای ئەوەی دوێنێ دوا شەڕڤانی یەپەگە لە مونیج و چەند ناوچەیەكی دەورووبەری كشایەوە, ئەمڕۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كە باڵی سەربازی پارتی یەكێتی دیموكراسیی سەر بە پەكەكەیە، رایگەیاند، هێزەكانیان بە تەواوی لە منبج كشاونەتەوە و خۆیان تەرخان كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
لە بەیاننامەكەی یەپەگە كەئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، هاتووە: “بەهۆی ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی دەوڵەتی توركیاوە بۆ لەشكركێشی بۆ سەر ناوچەكانی باكووری سووریا و وێرانكردنی ناوچەكە و ئاوارەكردنی خەڵكەكەی وەك ئەوەی لە جەرابلووس، ئەعزاز، باب و عفرین روویان دا، ئێمە لە یەكینەكانی پاراستنی گەل رایدەگەیەنین، دوای كشانەوەی یەكجاریمان لە ناوچەی منبج خۆمان بۆ شەڕی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكە لە خۆرهەڵاتی فورات و ناوچەكانی دیكە تەرخانكردووە”.
هەروەها ئەوەش هاتووە: “داوا لە دەوڵەتی سووریا دەكەین، كە ئێمە گەل و خاك و سنوورمان پێوەی پەیوەستە هێزەكانی بنێرێت بۆ گرتنە دەستی ئەو ناوچانە و پاراستنی ناوچەی منبج لە بەردەم هەڕەشەكانی توركیا”.