زیکۆ: میسى گەر مۆندیالیش نەباتەوە هەر یەکێکە لە باشترین یاریزانانى ئەم هەسارەیە

زیکۆى بەڕازیلى پێیوایە لیۆنێل میسى هەر یەکێکە لە باشترین یاریزانانى جیهان گەر نازناوى مۆندیالیش بەدەستنەهێنێت.

لە لێدوانێکى رۆژنامەنووسیدا، کە سایتى بلیچەر ریپۆرت بڵاویکردووەتەوە، زیکۆى ئەستێرەى پێشووى تۆپى پێى بەڕازیل و جیهان ئاماژە بەوە دەکات، هەندێک کەس بیر لە نازناو و دەستکەوتەکان دەکەنەوە بۆ دیاریکردنى باشترین یاریزانى جیهان، بەڵام بەلاى ئەوەوە هەموو یاریزانێک دەبێتە باشترین گەر کاروانێکى وەرزشى باشى هەبێت.

زیکۆ دەڵێت “تۆپى پێ یارییەکى بەکۆمەڵە و بە تەنیا پشت بە یاریزانێکى باش نابەستێت، پێویستە هەموو تیپەکە بە باشى یارى بکەن، ناتوانم بڵێم میسى باشترین یاریزانى جیهان نییە لەبەرئەوەى مۆندیالى نەبردووەتەوە”.

زیکۆ یۆهان کرۆیڤى هۆڵەندى بە نموونە دەهێنێتەوە، کە مۆندیالى بەدەستنەهێناوە، بەڵام پێیوایە یەکێک بووە لە باشترین یاریزانى مێژووى تۆپى پێ و دەڵێت “میسى و رۆناڵدۆ گرنگى بەخۆیان دەدەن هەر بۆیە جیاوازییان درووستکردووە لەگەڵ یانەکانیاندا”.

 

Back to top button