راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی: دوای سەری ساڵ پارتی دەست دەكاتەوە بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت

 

لەگەڵ ئەوەی دوو جار پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كردووە بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان, ڕاوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد كە تا دوای پشووی سەری ساڵ، گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە ناچن.

عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: “ئەوەی مەزەندە دەكرێت، لە دوای پشووی سەری ساڵەوە كۆبوونەوەكان دەست پێ دەكەنەوە، ھیچم لەسەر ئەوە نەبیستووە كە كۆبوونەوە پێش ئەو وادەیە ئەنجام بدرێت”.
جەختیشی كردەوە كە هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە دەدرێت، ”هەموو لایەك هاوكار بن“ تاوەكوو كابینەی نوێ زووتر دەست بەكار بێت.
لە ماوەی ڕابردوودا دوو گەڕی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام دراوە، هەرچەندە بەرپرسانی هەرسێ لایەن جەخت لە ئیجابیبوونی گفتوگۆكان دەكەنەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا بابەتی پێكهێنانی كابینەی نوێ بە ڕوونی دیار نییە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەقفێكی بەرزی بۆ داواكارییەكانی خۆی دیاری كردووە.

Back to top button