سیناتۆرێكی ئەمریكا: رێككەوتنی پەیەدە و سوریا كارەساتە
دوای ئەوەی یەپەگە باڵی سەربازی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەیەكدا داوایان لە رژێمی سوریاكرد كە لە مونبج دەكشێنەوە سوپای رژێم پێویستە بگەڕێتەوە مونبج, سیناتۆرێكی ئەمەریكی رێككەوتنی نێوان یەپەگە و حكومەتی سووریا بە كارەسات ناودەبات.
سیناتۆر لینزی گراهام لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: “رێككەوتنی نێوان كوردانی سووریا لەگەڵ حكومەتەكەی بەشار ئەسەد كارەساتی لێدەكەوێتەوە و هەلێكی باشە بۆ بەهێزبوونەوەی رێكخراوی داعش لە سووریا”.
گراهام دەڵێت: “ئەم رێككەوتنە دەبێتە كابووسێك بۆ توركیا و ئیسرائیل و براوەكانیش بریتی دەبن لە رووسیا، ئێران، ئەسەد و داعش”.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاریدا هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە، لە یەكەم كاردانەوەیدا، هێزەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) داوای لە سوپای سووریا كرد بگەڕێنەوە شاری منبج، ئەمەش نیگەرانی توركیا و دڵخۆشی حكومەتەكانی سووریا، رووسیا و ئێرانی لێكەوتەوە.