ئەمریكا لە بەرامبەر كشانەوەی هەر كردەوەیەكی گێلانەی لە ناوچەكە هەبێت گورزێكی دیكەیان لێدەدەین

 

ئاش ئەوەی ئەمریكا بڕیاریدا هێزەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران بەڵێنیدا “گورزێكی بەهێزی دیكە” لەئەمریكا بوەشێنن ئەگەر واشنتن “كردەوەیەكی گێلانەی نوێ” لە سوریاو ناوچەكەدا هەبێت.

لیوا محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نوسیویەتی: “ئەگەر ئەمڕۆ ئەمریكییەكان پێشنیازی چونەدەرەوە لە ناوچەكە دەكەن، ئەوا ئەو كارەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە گۆمی سوریا و ئەفغانستان تێوەگلاون، بەڵام دەشبێت بزانن كە بە وردی چاودێریی جموجوڵەكانیان دەكرێت”.

جەعفەری نوسیویەتی: “ئەگەر بەنیازی هەر پیلانگێڕییەكی نوێ بن لە ناوچەكەدا، ئەوا گورزی بەهێزیان بەردەكەوێت”.

هەرلە سەرەتای چونەناوەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ سوریا، ئێران دژایەتیی ئەو هەنگاوەی كرد و دەڵێت ئەمریكا بەبێ رەزامەندیی دیمەشق چونەتە ئەو وڵاتەوە.

رۆژی چوارشەممە 19ی‌ كانونی‌ یەكەمی‌ 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا بكشێنێتەوە، دواتریش سارە ساندرز، وتەبێژی‌ كۆشكی‌ سپی‌ لە راگەیەندراوێكدا وتی‌: “دەستمان كرد بە كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان لە سوریا بۆ وڵات و دەچینە قۆناغێكی‌ نوێی‌ ئەو هەڵمەتەوە”، جەختیشی لەوە كردەوە كە “سەركەوتنەكان بەسەر داعشدا ئاماژە نین بۆ كۆتاییهاتنی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ و هەڵمەتەكەی‌”.

لە كۆتایی ساڵی 2017 جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند كە تیمە دیپلۆماسییەكانی سوریا هاوكاریی دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری و ئیدارەكردنی ئەو بودجەیەی كە بۆ شەڕٍی داعش و مەشق و راهێنانی هێزە ناوخۆییەكان و پوچەڵكردنەوەی بۆمبە چێنراوەكان تەرخان كراوە.

لە مانگی ئابی 2014ەوە ئەمریكا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی لە سوریا و عیراق بە بەشداریی زیاترلە 40 دەوڵەت لە وڵاتانی ئەوروپا و عەرەب و وڵاتانی كەنداو پێكهێنا، ئەوەش دوای روداوەكانی داگیركردنی موسڵ لە عیراق.

بۆیەكەمجاریش ئەمریكا لە مانگی تشرینی یەكەمی 2015 نزیكەی 50 سەربازی خۆی رەوانەی خاكی سوریا كرد كە رۆڵیان تەنها راوێژكاری و رێنمایی كردن بوو بەبێ بەشداریكردن لە گۆڕەپانی جەنگدا، لەوكاتەوە تا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لەو وڵاتە 2 هەزار و 200 سەرباز.

Back to top button