میسی داوایەك لە ڤالڤێردی دەكات
لیۆنێل میسی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داوای لە كارگێڕی یانەكەی كردووە هەوڵ بدەن راهێنەرەكەیان ئێرنێستۆ ڤالڤێردی لە ریزی یانەكەیان بهێڵنەوە.
گرێبەستەكەی ڤالڤێردی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كۆتایی دێت و چەند رۆژێك پێش ئێستاش بەرپرسانی یانەكە ماوەی 2 مانگ مۆڵەتیان پێدا بۆ ئەوەی بڕیاریی كۆتایی بدات و خۆی یەكلایی بكاتەوە لەسەر مانەوە یان رۆیشتن لە كۆتایی ئەم وەرزەدا.
رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: میسی بە كاركردن لەگەڵ ڤالڤێردی دڵخۆشە و پێیوایە كەشێكی ئارامی لە ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان دروستكردووە، جگە لەوەش راهێنەرێكی بەتوانا و زیرەكە.
میسی پێشیوایە كە ڤالڤێردی زۆر بەباشی لەو تێ دەگات و دەزانێ لەنێو یاریگە چی دەوێ بۆیە هەمیشە لە یارییەكاندا ئازادی تەواوی پێ دەدات، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوانیشیان زۆر لەوە بەهێزترە كە هاندەران لەنێو یاریگە و شاشەی تەلەفزیۆنەكان دەیبینن.
میسی بە كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنەشی راگەیاندووە كە ئەو ئارەزووی مانەوەی ڤالڤێردی دەكات و داواشی لێ كردوون هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی و رێگەگرتن لە رۆیشتنی تا بەتەواوی یانەی بەرشەلۆنە لەسەر دەستی ئەو بەرەو لوتكە دەچێت.