موژدەیەك لە حكوومەتی ههرێم بۆ جووتیارانى كوردستان
دوای بڕیاری دادگای ڕەسافە بۆ پێدانی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2014 و 2015 و 2016، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات كە سەرجەم جووتیاران لێی سوودمەند دەبن، ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، بڕیارەكەی دادگای رەسافە بۆ بەرژەوەندی جووتیارانی تر سوودی لێ وەردەگرن.
سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرای كردووە، وەزیری بازرگانی عێراق بە نووسراوی ژمارە ٧٦٣٠ لە ٢٧-١٢-٢٠١٨ تكا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات بە جێبەجێكردنی بڕگەی یەكی بڕیاری دادگای بەرایی ڕەسافە تایبەت بە خەرجكردنی شایستەی دارایی جووتیار (فارس حوسێن عەبدوڵا) بە بڕی ٢٧ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دینار، ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ ئارەزووی تەنازولكردنی وەزارەت دەردەخات لە گرتنەبەری ڕێیەكانی تانەدان لە بڕیارەكەی دادگای بەرایی كە هێشتا پلەی كۆتایی بۆ جێبەجێكردن وەرنەگرتووە، كەچی وەزارەت داوای جێبەجێكردنی دەكات.
ئاماژەی داوە، بڕیارەكەی دادگای بەراییش بە دوو ڕێ پلەی كۆتایی وەردەگرێ: یان تێپەڕبوونی ماوەی تانەلێدان بەبێ ئەوەی وەزارەتی بازرگانی تانەی لێ بدات، یان ڕەتكردنەوەی تانەكە لە ئیستئناف و تەمیز و پەسەندكردنی بڕیارەكەی دادگای بەرایی لە حاڵەتی پەنابردنی وەزارەت بۆ تانەلێدان.
ئەو بەرپرسەی هەرێمی كوردستان ڕوونی كردووەتەوە، لە نووسراوەكەی وەزیری بازرگانی داوای خەرجكردنی شایستەی سەرجەم جووتیارانی تری هەرێم كوردستان دەكات. لە نووسراوەكەدا هاتووە بە پێچەوانەوە هاوشێوەی مام فارس جووتیارانی تریش داوای یاسایی لەسەر كۆمپانیای گشتی دانەوێڵە و وەزارەتی بازرگانی تۆمار دەكەن.
نووسراوەكەی بازرگانی عێراق تیایدا نووسراوە، هەر لە سەرەتاوە دۆڕاوین و ئەمەش وەك ئیقراری وەزارەتە بە مافی جووتیارانی هەرێم و (الاقرار سید الادلە) و دەتوانرێت سوود لەم نووسراوەی وەزارەتیش وەربگیرێت وەك بەڵگەی داوا بەكار بهێنرێت، بڕیاری كەیسەكەی مام فارسیش وەك سابقەیەكی قەزائی (مبدأ السابقە القچائیە) بەكار دەهێنرێت، بەتایبەتیش كە داوای جووتیارانی تریش هەمان خەسم و هەمان وەجهی داوا و بەرژەوەندی و ئەسانیدیان هەیە. ئەوە بەگوتەی ئامانج ڕەحیم.