خــواكــوڕك پۆسته‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان له‌ كابینه‌ی نوێ ئاشكرا ده‌كات

شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان چه‌ند جارێك سه‌ردانی شاری سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم ، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌كانی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك و به‌غدا تائێستا ده‌رئه‌نجامی گفتوگۆكان ڕێكه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌كانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌ .

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: “هەرچەندە بڕیار بوو لە ڕۆژەکانی کۆتایی مانگی ١٢ی ٢٠١٨دا گفتوگۆکان بکرێن، بەڵام لەبەر سەری ساڵی زایینی نەکرا، بۆیە لە دوای پشووی سەری ساڵەوە ڕاستەوخۆ دەست بە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەکرێت، بۆ ئەوەش ئامادەکارییەکان کراوە و شتەکان بۆ لایەنەکان ڕوونکراونەتەوە“.

ئه‌ندامه‌كه‌ی سەرکردایەتی پارتی گوتیشی: “پێموایە تا ١٥ی١ی٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، بە پێی یاساش کە پەرلەمان کۆبووەوە کاک مەسرور بۆ سەرۆکی حکوومەت ڕادەسپێردرێت، ماوە یاسایەکەشی یەک مانگە و لەو مانگەدا حکوومەت پێکدێت“.

سه‌باره‌ت به‌ یەکلایکردنەوەی پۆستەکانی جێگری سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکوومەتەوە، ئاراس حەسۆ ده‌ڵێت : ” بەپێی ئەو پێشنیارەی کراوە جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ گۆڕان دەبێت، هەروەها جێگری سەرۆکی حکوومەتیش بۆ یەکێتی دەبێت“.

ئاراس حه‌سۆ میرخان ئاشكرای كردو گوتیشی :”  تا ئێستا لەگەڵ هیچ لایەنێک نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن ، گفتوگۆکان لەگەڵ گۆڕان باشتر چوونەتە پێش، بەڵام لەگەڵ یەکێتی هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی دابەشکردنی پۆستەکان، بۆیە چاوەڕێ دەکەین هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی جددی دەست پێ بکەینەوە.

Back to top button