دوای چوار ساڵ ئیمارات گەشتە ئاسمانیەكانی بۆ سوریا دەست پێكردەوە

دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند بوو لە ئێستادا زۆرترین وڵاتی عەرەبی لەگەڵ ئەوەیە كە سوریا بگەڕێتەوە نێو كۆمكاری عەرەبی, ئەمڕۆ دەستەی گشتی فڕۆكەوانی مەدەنی وڵاتی ئیمارات رایگەیاند، “هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق دەكەن، بۆئەوەی لە شیاوی ئەو فڕۆكەخانەیە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ سووریا دڵنیا ببنەوە”.

ئەمەش تەنیا دوای سێ رۆژ لە كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیمارات لە دیمەشقی پایتەختی سووریا هاتووە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا و تێكچوونی دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە، هەردوو كۆمپانیای “ئیتیحاد و تەیەران”ی ئیماراتی لە ساڵی 2012ـەوە گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ دیمەشق هەڵپەساردبوو‌.

لەمبارەشەوە سەیف سویدی، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی ناوبراو بە رۆژنامەی “بەیان”ی ئیماراتی راگەیاند، “ئێستا دەستەی گشتی فڕۆكەوانی لەڕێگەی لێژنەی تایبەتەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی فڕۆكەخانەی دیمەشق دەكات.. دواتر لەبەر رۆشنایی راپۆرتی لێژنەكە بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا دەدات”.

سویدی ئاماژەی بەوەدا، “ئاسایش و سەلامەتی گەشتیاران لەپێشینەی هەموو كارەكانیانە و هەموو ئەو رێككارانە دەگرنە بەر كە دەستەبەری پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی گەشتیاران و فڕۆكەكان دەكەن”.

ئەمەش دوای ئەوە هاتووە، رۆژی پێنجشەممە 27ی ئەم مانگە، دوای وەستانی بۆ ماوەی نزیكەی 8 ساڵ، یەكەم گەشتی ئاسمانی لە دیمەشقەوە بۆ فرۆكەخانەی “حەبیب بورقیبە”ـی نێودەوڵەتی لە شاری منستیری تونس ئەنجامدرا و 160 هاووڵاتی سووری لەو گەشتەدا سەردانی تونسیان كرد.

Back to top button