بۆ پێشوازی ساڵی نوێ پەنجا هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر
لەگەڵ نزیك بوونەوەی ساڵی تازە, بۆ پێشوازیكردنی سەری ساڵی نوێ لە هەرێمی كوردستان لە رێگای 80 كۆمپانیای عێراقی تاوەكو ئێستا 50 هەزاران گەشتیار هاتوونەتە هەولێری پایتەخت. لە شەوی سەری ساڵیشدا لە 81 شوێنی هەولێر ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند “لە چەند كاژێری رابردوودا نزیكەی 50 هەزار گەشتیار لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و شارەكانی دیكەوە لەڕێگەی بازگە و فڕۆكەخانەكانەوە هاتوونەتە شاری هەولێر. رێوشوێنی پێویستیش بۆ پێشوازی گەشتیاران گیراوەتەبەر”.
بەگوتەی عەبدولخالق تەڵعەت، لە شەوی سەری ساڵدا لە 81 شوێن لە شاری هەولێر ئاهەنگی سەری ساڵ بەڕێوەدەچێت. گوتیشی “بەو هۆیەش ژمارەیەك لە گەشتیارانی كریستانی دەشتی نەینەوا، كەركووك و بەغدا ئامادەی ئاهەنگەكانی سەری ساڵی نوێی 2019 دەبن، كە بەهۆی رێوشوێنی ئەمنیەوە ناتوانن لە شارەكانی خۆیاندا پێشوازی لە ساڵی نوێ بكەن”.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر باسی لەوەكرد، “دەستەی گەشتوگوزاری عێراقی بەرنامەی گەشتی زستانەی داناوە، كە پێشتر بەرنامەی گەشتی هاوینەیان هەبوو. بەو هۆیەوە دەستەی گەشتوگوزار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیارییەكان دوو ئاهەنگ لە شاری هەولێر بۆ گەشتیاران بەبۆنەی سەری ساڵەوە رێكدەخەن”.
عەبدولخالق تەڵعەت دەڵێت “ئەو بەرنامەیەی بۆ سەری ساڵ دامانناوە تاوەكو 2-1-2018 بەردەوامدەبێت، لیژنەیەكمان لە سەرجەم هێزە ئەمنیەكان پێكهێناوە و هاوئاهەنگیمان لە هەموو روویەكەوە كردووە”.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكرد، چاوەڕواندەكرێت چیای كۆڕەك بەهۆی تەلفریكەوە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار رووی تێبكەن، هەریەكە لە پاركەكانی سامی عەبدولڕەحمان، منارە و شار لەبەردەم قەڵا بەهۆی سەری ساڵەوە خەڵكی روویان تێدەكەن و رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر.
بەگوتەی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم سەری ساڵە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە زیاتر لە80 كۆمپانیا گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن. هەروەها جیاواز لە پێشوو بۆ ئەم سەری ساڵە بە گرووپ گەشتیار لە ئێرانەوە دێنە كوردستان.