پاڤڵ تاڵەبانی ئەو بڕیارانەی لە دژی لاهوور جەنگی دەرکردووە..

لاهوور جەنگی برازای جەلال تاڵەبانی لە ڕێگەی لایەنگرانی خۆیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زەمینەسازی بۆ کودەتا سپیەکەی لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەبەستی دەستگرتن بەسەر جومگەکانی حزبەکە كردووه‌ و لایەنگرانیشی هەڕەشە لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی دەکەن.

پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕی سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرامبەر پیلانی کودەتا سپیەکەی لاهوور جەنگی لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەکەوێتە جموجۆڵ و لە قۆناغی یەکەمدا دەسەڵاتەکانی کەم دەکاتەوە.

به‌پێی زانیارییه‌كانی خواكورك لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو یەکێتیه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، پاڤڵ تاڵەبانی درکی بەوە کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا کە یەکێتی لە دۆخێکی ئاڵۆزدا بووە، لاهوور جەنگی بارودۆخەکەی قۆستووەتەوە و بە نهێنی دەستی بەسەر بەشێکی بەرچاو لە ئۆرگانەکانی یەکێتیدا گرتووە و هەوڵی داوە کەسانی سەر بە خۆی لەو ئۆرگانانەدا دابنێت. بە ڕادەیەک کە لەم دواییانەدا لاهوور جەنگی لە ڕێگەی چەند نووسینێکی کەسانی خۆی، بیرۆکەی ئەوەی دەخستە نێو لایەنگرانی یەکێتی کە تاکە میراتگری تاڵەبانی خۆیەتی و دەبێت یەکێتی بدەنە دەستی، ئەمەش وەک زەمینەسازییەک بۆ ئەو کودەتا سپییەی کە لاهوور جەنگی خەریکبوو لەسەر بنەماڵەی تاڵەبانی بە گشتی و پاڤڵ تاڵەبانی بە تایبەتی دەیکرد.

هەمان سەرچاوە ئاشکرای کرد کە لەم دواییانەدا پاڤڵ تاڵەبانی درکی بەو هەوڵانەی لاهوور جەنگی کردووە و بڕیاری داوە بەپێی توانای ئێستای، دەسەڵاتەکانی لاهوور جەنگی کەم بکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانی بۆ کەناڵەکانی (کوردسات و گەلی کوردستان)ی یەکێتی ناردووە، لەمەودوا چیتر چالاکییەکان و هەواڵەکانی تایبەت بە لاهوور جەنگی بڵاو نەکەنەوە.

هەر ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە کە بەشێکی دیکە لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لاهوور جەنگی، ڕێگە نەدانیەتی لە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی، بەو پێیەی لاهوور جەنگی هیچ پێگەیەکی فەرمی لەنێو حزبەکەیدا نییە، ئێستا کارێکی جددی بۆ ئەوە دەکات، ڕێگە لە کردنەوەی ئەو کەناڵە ئاسمانییە بگرێت کە لاهوور جەنگی و چەند ڕۆژنامەنووسێکی دەرباری خۆی، سەرقاڵی دامەزراندنین

پێشتر پێگەکانی سەر بە لاهوور جەنگی بە لایەنگرانی یەکێتییان ڕاگەیاندووە، دوا بژاردە لەبەردەم یەکێتییەکان ”هەوڵ و شەونخوونیی لاهوور جەنگییە، بۆ ئەوەی یەکێتی بخاتەوە سەر شاڕێگەی خۆی، وتارێکیان بە ناوی (جڵەوی یەکێتی بدەنە دەست لاهوور جەنگی) بڵاو کردەوە هەروەها هەڕەشە لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی کراوە و جەخت کراوەتەوە ھاوکات کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی و بنەماڵەی برایم ئەحمەد و تەواوی سەرکردەکانی دیکەی یەکێتیشیان جگە لە لاھوور جەنگی، بە لاواز و بێتوانا بۆ سەرکردایەتیکردنی یەکێتی وەسف کرد.

 

 

 

Back to top button