مه‌سروور بــارزانــی به‌ بۆنه‌ى هاتنى ساڵى نوێى زاينيى په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

مه‌سرور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يامێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ى هاتنى ساڵى نوێى زاينيى بڵاويكرده‌وه‌، رايگه‌ياند، داواکارم کە هەموو لایەک بە رێزگرتن لە دەنگ و ویستی خەڵک، پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەن و سه‌باره‌ت به‌ رۆژئاواى كوردستانيش رايگه‌ياند، دۆخی رۆژئاوای کوردستان نیگەرانی کردووین.

ده‌قى په‌يامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێم

‎بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە

‎پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە سەرجەم گەلی ‎کوردستان و گەلانی جیهان، بەتایبەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم.

‎لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا گەلی کوردستان بە خۆراگریی و لەخۆبوردووییەوە قەیرانی سەخت و گەورەی تێپەڕاند و لەو بڕوایەدام کە بە پاڵپشتیی ئەم گەلە مەزنە بەرەو داهاتووەکی پرشنگدار و پڕ بەختەوەری و دەسکەوتی زیاتر هەنگاو دەنێین.

‎گەلەکەمان ویست و خواستی خۆی لە دوا ‎هەڵبژاردنەکانی هەرێم نمایش کرد، بۆیە داواکارم کە هەموو لایەک بە رێزگرتن لە دەنگ و ویستی خەلک، پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەن، تاکو هەرچی زووتر خزمەتێکی شایستەتری هاوڵاتیانی خۆشەویستمان بکرێت.

‎لەم بۆنەیەدا، جەخت لە سەر بنەماکانی یەکسانی و ئاشتی و پێکەوە ژیان لە دەڤەرەکەدا دەکەینەوە و ئاواتەخوازین کۆتایی بە گشت ئەو نەهامەتیانە بهێنرێت کە، سالانێکە بەرۆکی گەلانی ناوچەکەی گرتووە. دەستی هاوکاری و ئاشتی بۆ هەموو لایەک لە سەر بنەمای دادپەروەی و رێزگرتنی دوولایەنە درێژ دەکەینەوە و بە تایبەت لە عێراقدا خوازیارین بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و بە ڕەچاوکردنی دەستوور، گشت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و ئیتر لەمەولا، سەرمایە و سامان و تواناکانی ئەم وڵاتە بۆ خزمەتی خەلک و پێشکەوتنی وڵات بەکار بخرێت.

‎لەم کاتوساتەدا دۆخی رۆژئاوای کوردستان نیگەرانی کردووین.  خەریکە گەلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستان بەرەوە چارەنووسێکی نادیار پەلکێش بکردرێت.

‎هیوادارین هەرچی زووتر بە گرتنەبەری هەنگاوی لۆجیکی و بە دانوستان و رێگەچارەی ئاشتیانە ئەم مەترسیانە بڕەوێنرێتەوە.

‎بە هیوای ساڵێکی پڕ بەرهەم و دەسکەوت و ئاسوودەیی و بەختەوری بۆ هەموو لایەک.

‎مەسرور بارزانی

‎راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

31ی12ی2018

Back to top button