زانیاری مه‌ترسیدار له‌سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بڵاوده‌بێته‌وه‌

خواكوڕك

‎رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (Amnesty international) له‌ داوین ڕاپۆرتیدا سه‌باره‌ت به‌ عێراق رایگه‌یاند، سوپای عێراق و ‎میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ عێراق پێشێلكاری مه‌ترسیدار و تاوانی جه‌نگیان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌زاران خه‌ڵكی سڤیلی هه‌ڵاتوو له‌ ناوچه‌كانیان، كه‌ كه‌وتوونه‌ ژێرده‌ستی داعش، ئه‌نجامداوه‌.

‎راپۆرته‌ نوێیه‌كه‌ی رێكخراوه‌كه‌، پشتی به‌ستووه‌ به‌ و به‌ڵگه و چاوپێكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 470 گیراوی پێشوو و شایه‌تحاڵ و كه‌سوكاری ئه‌وانه‌ی كه‌ كوژراون یان رفێنراون یان گیراون. ‎ هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ به‌رپرس و چالاكوان و فه‌رمانبه‌رانی ڕێكخراوه‌كانی فریاگوزاریی.

‎فلیپ لۆسه‌ر‌، به‌رپرس له‌ رێكخراوی ‎لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت، عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ فه‌لوجه‌، شه‌رگات، حه‌ویجه‌ و ده‌ورووبه‌ری موسڵ رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی دڕندانه‌ و خوێناوی ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وان له جیاتی ئه‌و تاوانانه‌ سزا ده‌درێن، كه‌ داعش ئه‌نجامیداون.

‎راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌و میلیشیا شیعانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن، پشتیوانی دارایی و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پێداون و به‌فه‌رمیش دانی پێداناون، تا ڕاده‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆش پارێزبه‌ندی یاساییان هه‌یه‌، بۆیه‌ حكومه‌تیش به‌رپرسه‌ له‌و ده‌ستدرێژیانه‌.

‎راپۆرته‌كه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه،‌ كه‌ ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی عێراقه‌ رێوشوێنی پێویست بگرێته‌ به‌ر له‌ پێناو دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیه‌ مه‌ترسیدارانه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئێستا شه‌ڕی موسڵ ده‌ستی پێكردوه‌، مه‌ترسی كاره‌ساتی زۆر ترسناك و گه‌وروتر ده‌كرێت.

Back to top button