كونسوڵی فەڕەنسا لەكوردستان: فەڕەنسا دۆستی هەمیشەی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان دەبێت
بە بۆنەی سەری ساڵی تازە بەرپرس و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەرایەتی وڵاتان لە كوردستان پەیامی پیرۆز بای ساڵی نوێیان راگەیاند, بەو بۆنەیە كونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، لە ساڵی نوێدا هاوپەیمانێتی پاریس نەك تەنها لەگەڵ هەولێر، بەڵكو لەگەڵ هەموو كورد بەردەوام دەبێت و داواش لە لایەنە سیاسییەكان دەكات رێز لە خوێنی شەهیدانی بەرەنگاربوونەوەی داعش بگرن.
دۆمەنیك ماس، كونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: “بێگومان هەموومان پێویستمان بە سەقامگیریی زیاتر و ئارامی زیاتر هەیە، لە ساڵی نوێ دەمەوێ ئەو پێشمەرگانەتان بەبیر بهێنمەوە كە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش گیانی خۆیان سپارد، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوە بسەلمێنن كە ئەو شەهیدانە خوێنیان بە فیڕۆ نەچووە”.
لەبارەی حكوومەتی داهاتووی هەرێم گووتی: “هیوادارین بە زووترین كات حكوومەتی نوێی كوردستان دابمەزرێت تا چاكسازیی ئابووری و سیاسی بە خێرایی ئەنجامبدرێت”.
راشیگەیاند: “وەك دەزانن سەرۆك ماكرۆن پێش چەند رۆژێك گوتی پێویستە پاڵپشتی لە هاوپەیمانەكانمان بكەین لە ساڵی نوێدا، بۆتان دەردەكەوێ كە فەرەنسا هاوپەیمانێكی بەردەوام و هەمیشەیی كوردە ، واتە هەموو كورد نەك كوردانی عێراق”.