لە پەرلەمانی عێراق داوا دەكرێت وەك دوژمن سەیری ئەمریكا بكرێت

لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا هێشتا لە عێراق چ لە رووی سیاسی و چ لە رووی سەربازی ئامادەییەكی كاریگەری هەیە, لە زۆرێك لە بڕیارە گرنگەكانی عێراق بەشدارە, لە ئێستادا دەنگۆی كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا و زیاد كردنی پێگەكەی لە عێراق بووەتە قسەو باسی سیاسی, بە جۆرێك كوتلەی سادقوون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریشی لە بارەی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریاوە بۆ عێراق دا و رایگەیاند پێویستە وەك دوژمن سەیری ئەمریكا بكرێت.

ئەحمەد كەنانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كوتلەی سادقوون، كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات، رایگەیاند، ئەوان گومانیان لە سیاسەت و نیازی هێزەكانی ئەمریكا هەیە و داواشیكرد، دەبێ وەك دوژمن سەیری ئەمریكا بكرێت.

ناوبراو گومانیی خۆیشی لە بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا دەربڕی و جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا بكشێنەوە و بەرەو عێراق بێن، ئەوا عێراقییەكان بەرگری دەكەن و رێگە بە مانەوەی هێزە ئەمەریكاییەكان لە عێراق نادەن.

ئەم هەڵوێستەی كوتلەی سادقون لە كاتێكدایە، سوپای ئەمەریكا لە سووریا دەكشێتەوە و هەندێك سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەمەریكاییەكان روو دەكەنە عێراق.

Back to top button