ئالدار خەلیل: كەم و كوڕیەكانی نێو دیپلۆماسیەتی ئێمە هۆكاری داگیركردنی عەفرین بوو
دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری دا لە سوریا بكشێتەوە, بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بزووتنەوەی جڤاتی دیموكراتیك (تەڤدەم) رایدەگەیەنێت، جێمس جێڤری، ئەندازیاری رێككەوتنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە لە سووریا.
ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤدەم بە ئاژانسی ھاواری نزیك لە پەیەدەی راگەیاند: “بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا لەسەر داوای ئەردۆغان بووە و ئەندازیاری بڕیارەكەش جێمس جێڤری، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا بووە.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی ئاڵدار خەلیل دەڵێت: “جێمس جێڤری، بۆ دەركردنی ئەو بڕیارە بۆ ماوەی چوار رۆژ لە توركیا ماوەتەوە و پشتگیری پلانی ئەردۆغانی كردووە”.
لەبارەی عەفرینیش، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤدەم، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: “كەموكوڕیی لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانمان هەبووە و هەوڵەكانمان بۆ رزگاركردنی شارەكە لە داگیركردن وەك پێویست نەبوون، بەڵام هۆكاری سەرەكی داگیركردنی عەفرین كشانەوەی هێزەكانی رووسیا بوو”.