مەعن سەعدی فەرماندەی سەربازی عێراق لە كەركووك دورخرایەوە

 

دوای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێك بەسەر داگیركاریەكەی كەركووك بە سەركردایەتی لیوا مەعن سەعدی ئەمڕۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، عەمید روكن حەیدەر عوبەیدی كراوەتە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی 2ی تایبەت لە كەركووك و لیوا روكن مەعن سەعدی كراوەتە فەرماندەی 2ی تایبەت لە بەسرە.

لەو بارەیەوە ئازاد جەباری، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاندووە “ئەوەی ئێستا دیاریكراوە بۆ كورد لە مەعن سەعدی خراپتر دەبێت، چونكە خەڵكی حەویجەیە، بۆیە باوەڕ ناكەم بۆ كورد باش بێت”.
ئازاد جەباری ئاماژەی بەوەشكرد “بەراورد بە سەرەتای دەستبەكاربووونی، مەعن سەعدی بەم دواییانە بەرامبەر بە كورد تاڕادەیەك سیاسەتی نەرمتر بوو”.
دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، لیوا روكن مەعن سەعدی كرایە فەرماندەی سەپاندنی یاسا لە كەركووك و بەرپرسیارێتی دۆسیەی ئەمنی كەركووكی گرتەدەست.
عەمید روكن حەیدەر عوبەیدی:

– دەرچووی خولی 82ی كۆلیژی سەربازییە لە ساڵی 1997.
– لە كەتیبەی تۆپی دوورهاوێژ بووە لە سەردەمی رژێمی سەدام.
– دوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای پێشوو لە 2003 چووەتەوە ماڵەوە و دواتر گەڕاوەتەوە نێو دەزگای دژەتیرۆر.
– یەكێكە بوو لە فەرماندەكانی دژە تیرۆر كە لە كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ بەشداربوو.

Back to top button