ناتانیاهۆ و پۆمپیۆ كۆبوونەوە رایانگەیاند توندر لە جاران لە دژی ئێران دەوەستنەوە
دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی لە سوریا و رۆژئاوای كوردستاندا, بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوەكرد, هەر ئەمرۆ لە پەراوێزی كۆنفراسێكدا لە بەرازیل ناتانیاهۆو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكە مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەڵێنیدا، كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا بەهیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر هاوكاری نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل نابێت و، مانای وا نییە كە دەست لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و دژایەتیكردنی ئێران هەڵدەگرن.
پۆمپێیۆ گوتی: “وێڕای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا، پێویستە لەسەر گرنگیدان بە هەڵمەتەكانمان دژ بە داعش و دژایەتیكردنی ئێران بەردەوام بین”.
لەبەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیكردەوە، “لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا دەكەین، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستن بە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا”.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشدا، “میكانیزمەكانی چۆنیەتی بەهێزكردنی هاوكاری هەواڵگەری و پرۆسە سەربازییەكانمان لە سووریا و شوێنەكانی دیكە تاوتوێ دەكەین، جگە لەمەش ئامانجێكی هەرە سەرەكی ئەو دیدارەمان بریتییە لە تاوتوێكردنی چۆنیەتی رێگەگرتن لە فراوانخوازی دوژمنكارانەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
ئەمەش لەكاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، داوایان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كردووە، بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا بە هێواشی جێبەجێ بكات و ترەمپیش وەڵامێكی ئەرێنی بۆ ئەو داواكارییەی ئەوان هەبووە و، ئاماژەی بەوەشدابوو، ئەوان كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا وەك دەرفەت دەبینن.