فەرماندەیەكی سەربازی ئێران وەڵامی ناتانیاهۆ و پۆمپیۆ دەداتەوە دەلێت ئامادەین بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەم دوو وڵاتە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆنفرانسێكدا لە وڵاتی بەرازیل بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوە لە كۆبوونەوەكە رایانگەیاند توندر لە جاران لە دژی ئێران دەوەستنەوە.
لە وەڵامیدا قاسم تەقی زادە، جێگری وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە رووی سەربازییەوە، ئێران لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و بۆ ئەو مەبەستە پشت بەو جەنگاوەرانە دەبەستێت، كە لە عێراق، سووریا و یەمەن شەڕیان كردووە.
تەقی زادە سەبارەت بە چەكدارانی لایەنگری ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە گوتی: “پێشتر قاسم سولێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران جەختی كردووەتەوە، ئەوەی لە پرۆسەی فاو و دواجاریش لە پاراستنی مەزارگەكان لە عێراق، سووریا و حودەیدە دەستكەوتی گەورەیان بەدەستهێناوه، بەرهەمی گوتنەوەی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز بوون‌ لەلایەن جەنگاوەرەكانمان لە مەیدانی جەنگ”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری ئێران ئاماژەی بەوەشدا، “ئێستا وەزارەتی بەرگری بەرامبەر ئەمەریكا و ئیسرائیل خۆڕاگرە”.

گوتیشی: “ئەگەر پێویست بكات، ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ بەرگریكردن لە وڵاتەكەمان”.

Back to top button