بەشێكی رێگای گەڵی عەلی بەگ رووخاوە پۆلیسی سۆران هۆشداری دەدات

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەشێكی رێگای سەرەكی هاملۆتن لە ناوچەی گەڵی عەلی بەگی سنوری قەزای سۆران بە هۆی باران بارین رووخا, بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران ئاگادارییەكی بۆ شۆفێران بڵاو كردەوە كە بەهۆی باران بارینی زۆر، بەرد و خۆڵ لە گەلی عەلی بەگ هاتووەتە خوارەوە و پێویستە شۆفێران ئاگەداری ئەو سنوورە بن.

دلاوەر بادلی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران لە بارەی رووخانی بەشێكی رێگاكە رایگەیاند ئەمساڵ بەهۆی باران بارینی زۆر و گۆڕانكاری لە زەویدا و هەڵكەوتەی شوێنەكە، چەند جارێك رووداوی هاتنە خوارەوەی بەرد و خۆڵ، لە گەلی عەلی بەگ بۆ سەر رێگای گشتی رووی داوە و بەربەست لە بەردەم هاتوچۆ دروست بووە، بۆیە پێویستە شۆفێران لەسەرخۆ و هۆشیار بن، لەم رێگایەدا بەتایبەت لە كاتی باران باریندا.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران گوتیشی ئەوەی جێگەی دەستخۆشیە لە كاتی روودانی ئەم جۆرە رووداوە سروشتیانە، بە زووترین كات تیمەكانی پاراستنی رێگاوبان و لایەنە پەیوەندیدارەكان گەیشتوونەتە شوێنەكە و رێگاكەیان كردووەتەوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا پێویستە شۆفێران هۆشیار بین، لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵیان.

Back to top button