دوای ماوه‌یه‌كی زۆر سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕان هۆکاری دەرکردنی سروە عەبدولواحید ئاشکرا دەکات

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان هۆکاری دوورخستنەوەی سروە عەبدولواحید سەرۆکی پێشووتری فراکسیۆنی گۆڕانی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە پاش ئەوەی بابەتێکیان زانیوە ڕاستەوخۆ دووریان خستووەتەوە.

چالاك موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ئێستا سروە عەبدولواحید هیچ پەیوەندییەکی بە گۆڕانەوە نەماوە کاتی خۆیشی سروە عەبدولواحید لە ھەڵبژاردنێکی ناشەرعی کرا بە سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ھەروەھا پۆستی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانی وەرگرت، بەڵام تەنھا دوو کۆبوونەوە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بوو، دواتر ئێمە بەزوویی لە پۆستەکەی دوورمان خستەوە.

موھەندیس لەبارەی هۆکاری دوورخستنەوەکەی ڕایده‌گه‌یێنێ، کاتی خۆی هەرچەندە سروە عەبدولواحید لە نێو گۆڕاندا پۆستی هەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا وەك وەزیری پەیوەندییەکانی شاسوار عەبدولواحیدی برای و گرووپی نەوەی نوێ دەجووڵایەوە و ئیشوکاری ئەوانی دەکرد، جەختیشی لەوە کردەوە: ئەو کاتەی ئێمە زانیمان ئیش بۆ براکەی دەکات، ڕاستەوخۆ لە ئەندامێتی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دوورمان خستەوە.

Back to top button