هێزه‌كانی ئیمارات و میسر جێگه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا ده‌گرنه‌وه‌

وێبسایتی “دێبكا فایل”ـی ئیسرائیلی له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرای ده‌كات، به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریا، بوونی هێزه‌كانی میسر له‌ ناوچه‌كه‌ قه‌بووڵ ده‌كات و له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردووش قاهیره‌ هاوكاری دیمه‌شقی كردووه‌.

وێبسایتی “دێبكا فایل”ـی ئیسرائیلی ڕایگه‌یاند:” ئه‌سه‌د رێگری له‌ بوونی هێزه‌كانی ئیماراتیش ناكات بێنه‌ ناوچه‌كه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌بوزه‌بی ده‌توانێت پشتیوانی دارایی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ بكات و ئێستاش هه‌وڵ هه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ ئیمارات باڵیۆزخانه‌ی خۆی له‌ دیمه‌شق بكاته‌وه‌.

وێبسایته‌كه‌ روونیشی ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت :”  بوونی هێزه‌كانی میسر و ئیمارات، بوارێكی باشتر له‌به‌رامبه‌ر بوونی سه‌ربازیی وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی وه‌كو سعوودیه‌ و هێزه‌كانی دیكه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی سه‌ربازی ئێرانه‌ له‌ سووریا”.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی “دێبكا فایل”ـی ئیسرائیلی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ره‌نگه‌ توركیا پێی نیگه‌ران بێت، كه‌ پێیوایه‌ منبج شارێكی سنوورییه‌ و ده‌بێت خاڵه‌ چاودێرییه‌ سه‌ربازییه‌كانی لێ جێگیر بكات، به‌تایبه‌تیش ئێستا كه‌ گرژی كه‌وتووه‌ته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌ندێك وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو، به‌هۆی كه‌یسی كوژرانی جه‌مال خاشوقچی، رۆژنامه‌وانی سعوودیه‌ له‌ناو كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ئیستانبول.

Back to top button