پەكەكە هاوار بۆ بارزانی دێنێت
خواكوڕك
بەرپرسی نووسینگەی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی لە تورکیا دەگوزەرێت، لێدانە لە دیموکراسیەت و دەڵێت: “داوادەکەین ڕۆڵی بارزانی لە کێشەی کورد لە کوردستانی باکوور فراوان بکرێت و هەوڵی ئازادکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە بدات”.
عابید ئیکە، بەرپرسی نووسینگەی پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “ماوەیەکی زۆر بارزانی وەک کەسایەتیی سیاسی و سەرۆک لە ناو کوردان ڕۆڵی گرنگی خۆی دەبینێت، بارزانی کاریگەریی زۆری لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوچەکە هەیە و لە ئاستی نیشتمانی و نەتەوەییدا بارزانی جێگای تایبەتیی خۆی هەیە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو لە لایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو هەڵمەتەی حکوومەتی تورکیا کردوویەتی بۆ دەستگرکردنی هاوسەرۆکانی (هەدەپە) و پەرلەمانتارانی ئەو پارتە، “جێگەی دڵخۆشییە”.
بەپێویستیشی زانی، ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکوور فراوان بکرێت و داوای کرد: “پشتیوانیکردنی بارزانی بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی کە هاوسەرۆکانی هەدەپە ئازاد دەکرێن، لە کاتێکدا هەدەپە پەیامی ئاشتی هەیە، ماوەیەک پێش ئێستا سەلاحەدین دەمیرتاش سەردانی بارزانی کرد، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی جێبەجێ کرد، بۆیە دەبێت هەر سەرۆکێک لە لایەنی خۆیەوە هەوڵ بدات بۆ گوشار خستنە سەر دوژمنانی کوردستان”.
س:باس