بەریتانیا بەنیازە سزایەکی قورسی فەیسبووك بدات

دەزگای چاودێری پاراستنی داتای بەریتانیا بەنیازە بەبڕی ٥٠٠ ھەزار پاوەند تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سزابدات بەھۆی پێشێلکردنی داتا و زانیارییە کەسییەکانی بەرکارھێنەرانی فەیسبووکەوە.

ئۆفیسی کۆمسیۆنی زانیارییەکانی بەریتانیا (ICO)، ڕایگەیاندووە فەیسبووک نەیتوانیوە زانیارییەکانی خەڵک بپارێزێت، و شەفاف نەبووە لەو شێوازەی زانیارییە کەسییەکانی بەکارھێنەراتن لەلایەن کۆمپانیاکانی دیکەوە بەکارھێنراوە بۆ مەبەستی سیاسی، و ئەوەش پێشێلکارییە بەرامبەر یاسای زانیارییەکانی بەریتانیا.

لەوبارەوە ئەمرۆ ئیلیزابێس دێنھام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆفیسی کۆمسیۆنی زانیارییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە ” متمانە و یەکگرتوویی پرۆسەی دیموکراتی  نێوخۆیمان لەژێر مەترسی شێواندایە چونکە دەنگدەری ئاسایی نازانێت چی لەپشت پەردەکانەوە دەگوزەرێت.”

ھەروەھا ئاماژەیکردووە بەوەی بەھۆی تەکنەلۆژیای نوێوە ھەندێک لە پارتە سیاسییەکان لەڕێگای کۆمپانیاکانی لایەنی سێیەمەوە دەتوانن داتا تایبەتەکانی بەکارھێنەرانی فەیسبووک بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربھێنن، و ئۆفیسەکەیان نامەی ئاگادارکردنەوەی ناردووە بۆ  ١١ پارتی سیاسی تیوەگلاو لە سکانداڵی دزەپێکردنی داتاکانی بەکارھێنەران لەڕێگای کۆمپانیای کەیمبریج ئەنالێتیکاوە.

ئەو بڕە پێبژاردنە توندترین سزایە کە بەپێی یاسا  ئۆفیسی کۆمسیۆنی زانیارییەکانی بەریتانیا دەتوانێت لەدژی فەیسبووک جێبەجێی بکات.

ئۆفیسی کۆمسیۆنی زانیارییەکانی بەریتانیا دەزگایەکی گشتی بەریتانیایە و لەلایەن وەزارەتی داتا و ڕۆشنبیری و میدیا و وەرزشی ئەو وڵاتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و راستەوخۆ ڕاپۆرتەکانی بۆ پەرلەمانی بەریتانیا بەرزدەکاتەوە.

 

Back to top button