راپۆرتێكی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر كۆچی خه‌ڵكی سلێمانی بۆ هه‌ولێر بڵاوده‌بێته‌وه‌

خواكوڕك

جه‌نگ و برسێتی و ناسه‌قامگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌پێی پێوانه‌ ستانداره‌كانی جیهان، له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كۆچی خه‌ڵكن له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌، راپۆرتی ده‌زگایه‌كی میدیایی له‌ كوردستان و شیكاریه‌كی پێشووتری خواكوڕك ئه‌و راستیه‌ له‌ سلێمانی ده‌سه‌لمێنن.

ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی رۆژی 27/9/2016‌ كه‌ بڕیاربوو له‌ سلێمانی و ناوچه‌كانی دیكه‌ ئه‌نجام بدرێت، ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆری لای هاوڵاتیان و وه‌به‌رهێنه‌ران دروستكردبوو به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ندێ لایه‌ن و ئه‌گه‌ری روودانی كاره‌ساتی شه‌ڕ و نائارامی.

خواكوڕك له‌ زنجیره‌ هه‌واڵێكدا مه‌ترسی و ده‌نگۆی كۆچی هاوڵاتیان و وه‌به‌رهێنه‌رانی شاره‌كه‌ی بۆ رای گشتی كوردستانی خسه‌ڕوو، و له‌ ئێستاشدا راپۆرتێكی ده‌زگایه‌كی میدیایی ئه‌و راستیه‌ ده‌سه‌لمێنێت.

 

پرۆژه‌كان به‌رێژه‌ی %95 كه‌می كردووه‌

له‌ راپۆرته‌كه‌دا‌ كه‌لاله‌یه‌ن ده‌زگای وشه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ هاتووه‌، داتاكان روونی دەكەنەوە، لە ساڵی 2013دا بەدیاریكراوی 39 پڕۆژەی وەبەرهێنان، لە ساڵی 2014دا 17 پڕۆژەی وەبەرهێنان، لە ساڵی 2015دا 11 پڕۆژەی وەبەرهێنان و تا تشرینی یەكەمی 2016ش تەنیا پێنجپڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای سلێمانی مۆڵەتیان وەرگرتووە.

بەگوێرەی داتاكانی دەستەی وەبەرهێنان كه‌له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، گوژمەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە سلێمانی بۆ ساڵی 2013 سەرووی پێنج ملیار بووە، بەڵام لەمساڵدا گوژمەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە نێوان 300-400 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاشكرای كرد.

فەرمان غەریب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان لە سلێمانی له‌راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت “بایكۆت و دەوام نەكردنی فەرمانبەرانی سلێمانی زیانێكی زۆری بە پرۆژەكانی وەبەرهێنان گەیاندووە، بەڕادەیەك كە بەراورد بە ساڵی رابردوودا پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەرێژەی 95% لە كورتیان داوە”.

 

كۆچی وه‌به‌رهێنه‌ران

سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، دان بەوە دادەنێت كە بارودۆخی سیاسی و بایكۆت و خۆپیشاندانەكان كاریگەری تەواو نەرێنی لەسەر چالاكییەكانی ئابووری لە سلێمانی دروست كردووە.

ئەو دەڵێ‌، “رۆژانە دەیان كەس لێرەوە دەڕواتە هەولێر، وەكالات و كۆمپانیا دەكاتەوە، ئەوەش كاریگەری گەورەی لەسەر سلێمانی دەبێت، خەڵك لەم شارە دەترسێت و دەیەوێت پارەكەی بۆ رۆژی رەش هەڵبگرێت”.

هەروەك شارەزایەكەی بواری ئابووری روونی دەكاتەوە، “هیچ بەڵێندەر و وەبەرهێنەرێك ئامادە نییە لە شوێنێك مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان وەربگرێت و سەرمایەكەی بخاتە بازاڕەوە، كە لەرووی سیاسییەوە هیچ رۆشنییەكی تێدا نەبێت، ئەوەی ئێستە لە سلێمانی دەگوزەرێت، بەداخەوە جێگەی ترس و نیگەرانی سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانە، چونكە تا دێت بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت بەجۆرێك كە هەندێك جار دیار نییە پارێزگاكە بەرەو كوێ‌ هەنگاو دەنێت”.

 

دایك و باوكانیش ترسیان له‌ داهاتووی منداڵه‌كانیان هه‌یه‌

شۆڕش غەفووری گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ‌، “بەهۆی راگرتنی دەوامی هەندێك لە فەرمانگەكان و بایكۆتی مامۆستایان، وەك چۆن شەپۆلێكی هاتنی وەبەرهێنەران و بازرگانان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر هەیە، بەهەمان شێوە ژمارەیەكی زۆر لەو دایك و باوكانەی كە ترسیان لەوە هەیە بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە، چارەنووسی خوێندنی منداڵەكانیان بفەوتێت، منداڵەكانیان بۆ قوتابخانەكانی هەولێر دەگوازنەوە”.

غەفووری زیاتر دەڵێ‌، “تا ئێستە ئامارێكی دیاریكراومان لەبارەی ژمارەی ئەو قوتابییانەوە نییە كە لە سلێمانی و گەرمیانەوە بۆ هەولێر گواستراونەتەوە، چونكە پرۆسەی گواستنەوە و وەرگرتنی لاری نەبوون لە گواستنەوەی قوتابییەكان، لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری قوتابخانەكاندایە”.

Back to top button