وادەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران راگەیەنرا
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی به (خـواكورك)ـی راگەیاند، بەهۆی پشووی رۆژی شەممه و یەك شەممهی داهاتوو، دابەشكردنی مووچەی مانگی 10، ڕۆژێك دوا دەكەوێت و بۆ ڕۆژی دووشەممه دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
سەرچاوەكە گوتی، وەك ئەوەی پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر داوە هەموو 30 رۆژ جارێك، واتە هەموو پێنجی هەر مانگێك دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، جارجار بەهۆی پشووی كاتەكان گۆڕانكارییان بەسەر دێت، سەرەتا دیوانی وەزارەت و لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن و دواتر یەكەی حەفتا و هەشتا، ئینجا وەزارەتی پەروەردە، دواتریش وەزارەتی تەندروستی و دارایی مووچەكانیان دابەش دەكرێت
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ئەوەیشی خستەڕوو كە پاشەكەوتی سێ مووچەی ساڵی 2018ی فەرمانبەران هەڵوەشاوەتەوە و بۆ 2018 هیچ مووچەیەكی فەرمانبەران پاشەكەوت ناكرێت، كە ساڵانی رابردوو سێ مووچەی كۆتایی ساڵ هەمووی بەیەكەوە پاشەكەوت دەكران، گوتی “دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 باشترین بەڵگەیە كە مووچەی فەرمانبەران پاشەكەوت ناكرێت”.
چاوەڕوان دەكرێت لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یەكجاری پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەڵگیردرێت، بەڵام هێشتا روون نەكراوەتەوە هەڵگرتنی پاشەكەوتەكە چۆن دەبێت.