سلێمانی منداڵێك 3 ڕۆژ شوێن بزر ده‌بێت و دواتر ته‌رمه‌كه‌ی ده‌دۆزرێته‌وه‌

رۆژی 29-3-2018 منداڵێكی تەمەن سێ ساڵ بەناوی (مستەفا) کە كوردی رۆژئاوای كوردستان بوو، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا لە كەمپی ئاشتی دیارنەما. دوای دوو رۆژ لە 1-4-2018  تەرمی مستەفا دۆزرایەوە.

دوای ونبوونی بۆ ماوەی سێ رۆژ، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی، تەرمی ئەو منداڵە دۆزرایەوە، کە خەڵکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند “دوای بیسه‌روشوێنبوونی منداڵێك له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا له‌ كه‌مپی ئاشتی له‌ عه‌ربه‌ت، کەسوکاری ئەو منداڵە سکاڵایان تۆمارکرد، دوای دوو رۆژ تەرمەکەی لەنێو گەنم لەسەر شەقامی گشتی عەربەت – زەڕایەن دۆزرایەوە”.

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت “سەرەتا کەسوکاری منداڵەکە گومانیان لە کەس نەبوو، بەڵام دواتر کە بڕیاری دادوەر وەرگیرا و پۆلیس کەشفی لاشەی منداڵەکە کرد، زانرا کە پێکراوە، ئەوکات خێزانەکەی سکاڵایان تۆمارکرد”.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کردو ده‌شڵێت : “بە گومانی ئەو تۆمەتەش کەسێک بەناوی (م.ک،ح) دەستگیرکرا کە خەڵکی سووریایە، بەڵام ناوبراو سەرەتا نکۆڵی لەو تاوانەکرد، کە دراوسێی ئەو منداڵەش بووە، پاش ئەوەی بنکەی پۆلیسی عەربەت بەڵگەکانیان کۆکردەوە لەنێو ئۆتۆمبێلی ئەو کەسەدا، دیارە مو و خوێن هەبووە، نموونەکەی بۆ بەڵگەکانی تاوان نێردرا، دواتریش کە پشکنین بۆ لاشەی منداڵەکە کرا، هەندێک ماددەی تەپەدۆر (فلین) لەناو جلەکانیدا هەبوو، هاوشێوەی ئەو ماددانەی نێو سندووقی ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکە بوو، بۆیە گومانەکان چڕترکرانەوە”.

سەرکەوت ئەحمەد له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ڕووداوه‌كه‌وه‌  دەڵێت: “پاش خستنەڕووی ئەو بەڵگانە بۆ تۆمەتبار، دانینا بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا و ئاماژەی بەوەکرد، منداڵەکە لەبەردەمی ماڵی خۆیاندا بووە و بە ئۆتۆمبێل لێی داوە و لەژێر ئۆتۆمبێلەکە گیربووە، بەهەرحاڵ دەریهێناوە و خستوویەتیە سندووقی ئۆتۆمبێلەکە و بەرەو زەڕایەنی بردووە”.

تۆمەتبارەکە لە دانپێدانانەکەیدا بە پۆلیسی گوتووە “بردوومە بۆ نەخۆشخانە و لەڕێگە پشکنینم بۆی کردووە زانیومە گیانی لەدەستداوە، بۆیە هاتوومەتەوە کەمپەکە و ویستوومە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیان فڕێی بدەم و بڕۆم، بەڵام بەردەمی ماڵەکەیان قەرەباڵخ بووە، بۆیە لەسەر شەقامی گشتی فڕێم دا”.

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەشڵێ: “دانپێدانانی تۆمەتبارەکە لەلایەن دادوەرەوە پەسندکراوە، ئێستا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان بەندە”، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، “ئەوەی کە جێی سەرنجە، ئەو تۆمەتبارە خۆی لەگەڵ کەسوکار و خانەوادەی ئەو منداڵە بەشوێن منداڵەکەدا گەڕاون، لەکاتێکدا خۆی بووەتە هۆی کوشتنی”.

منداڵەكە ناوی “مستەفا عەلی” و تەمەنی سێ ساڵ بووە. خێزانەکەی پەنابەرن لە كەمپی ئاشتی لە نزیک شارۆچکەی عەربەت، ئەوان خەڵکی شاری كۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن.

Back to top button