قاسم شهشۆ: ئاڵۆزکردنی ڕەوشی شنگال سودو قازانجی بۆ ههندێك لایهن ههیه
سێ ساڵ پێش ئێستا بەشی هەرە زۆری قەزای شنگال و شارۆچکەکانی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگارکران، دوای سێ ساڵ لە رزگارکردنی شنگال و نەمانی داعش لەو دەڤەرە، هێشتا 85%ـی خەڵکی دەڤەرەکە ئاوارەن.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان ڕاگەیاند: “هەندێ کەس و لایەن لە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی شنگال قازانج دەکەن و لە ڕێگەیەوە بازرگانیی پێوە دەکەن، بۆیە لە باشکردنەوەی ڕەوشی شنگالدا هاوکار نین و بەتایبەتی دوای ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هاتوونەتە قەزای شنگال دۆخەکە ناخۆشتر بووە، بۆیە ئێستا هەموو خەڵکی شنگال لەگەڵ ئەوە دان بوونی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی دیکە نایاسایین، ئەو قەزایە بەجێ بهێڵن و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکرێت، چونکە بوونی ئەو گرووپانە بەربەست لەبەردەم ئاوەدانەکردنەوە و گەڕانەوەی خەڵکەکەدا”.
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان گوتیشی : “لەباتی ئەوەی ئەو لایەنانە پشتگیری لە کەیسی شنگال بکەن بۆ بە جینۆساید ناساندن و گەڕانەوەی ئاوارە و قەرەبووی زیان پێگەیشتوو و لێقەوماوان و ڕزگارکردنیان لەدەستی داعش، هەندێک لایەن کەیسی شنگال بە دەرفەت و هەلێک دەبینن و بازرگانیی پێوە دەکەن”.
-شنگال قەزایەکە لە پارێزگای نەینەوا ، دەکەوێتە ئەوپەڕی رۆژئاوای باشووری کوردستان ، 120 کلم لە شاری موسڵەوە دوورە و دەکەوێتە رۆژئاوای موسڵ ، هاوسنوورە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان، رەبیعە، عیازییە، تەلەعفەر، قەیرەوان و قەحتانییە.
-شنگال لە 14 ناوچە و کۆمەڵگە پێدێت لەوانە: سنونێ، گرعەزێز، گربەنات، گرقەسەب، دهولا، بورک، خانەسۆر، وردیە، دوگرێ، سیپا شێخ خدرێ، کهیل، رۆژاڤا، خەرابە بازاڕ.
– ژمارەی دانیشتووانی شنگال 412 هەزار کەس بوو پێش هێرشی داعش ، زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردی ئێزدیین 17% ، و کوردی موسڵمان 19% ، عەرەب 10% ،مەسیحی ١% .